بەڕێوەبەری هەرسێ بانکەکەی ئاکرێ ژنن

:: PM:03:30:18/09/2019 ‌

لە سنووری ئاکرێ سێ بانک هەیە و بەڕێوەبەرانی هەرسێ بانکەکانیش ژنن، یەکێک لەو بەرێوەبەرانە دەڵێ، کارەکان بەباشی بەڕێوەدەچێت، ژنان لە پیاوان باشتریش دەتوانن خزمەت بە کۆمەڵگا بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئەیلوول، سوعاد رەشید، بەڕێوەبەر بانکی سیپە بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە ئەو لە بانکەکان کار دەکات و دواجار وەک بەڕێوەبەری بانکی سیپە دەستبەکار بووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لە سنووری شارۆکەی ئاکرێ سێ بانک هەیە، بەرێوەبەرانی هەرسێ بانکەکە ژنن، ناوی دوو لەو بەرێوەبەرانە سعادە و ئەویتریان ناوی هەڤینە.

"لە سنوری شارۆکەی ئاکرێ قەرەبالغی و ئیش و کارێکی زۆر لەسەر بانکەکان هەیە، بەڵام‌ لەگەڵ ئەوەش کارەکان بەبێ کەموکوڕی و کەمتەرخەمی بەڕێوەدەچن" سوعاد رەشید وای گوت.

بەڕێوەبەری بانکی سیپە دووپاتی دەکاتەوە، ژنانی کورد هەر لە سەردەمی شۆرشەوە تاک ئێستە رۆڵێکی کاریگەر و کارایان هەبوە لە کۆمەڵگەدا، پێویستە ژنانیش بێنە نێو کار بە تایبەتی ناوەندەکانی بڕیار و بۆ کۆمەڵگەی بسەلمێنن کە ئەوانیش دەتوانن کاری گرنک بکەن.

ئاکرێ پێکهاتوە لە سێ شارەدێ و زیادتر لە 300 گوندی ئاوەدان و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 290 هەزار کەسە و سێ بانکی تیادایە.

ئاکرێ/ نەوزاد هلۆری



وشە - هیدایه‌ت جان