تەواوی قوتابخانەكانی سلێمانی دوو دەوام یان زیاترن
لەگەڵ دەستپێكی وەرزی نوێی خوێندنی ئەمساڵ، پەروەردەی سلێمانی هەڵگری چەندان كێشەیە، كەمیی مامۆستا لە پەروەردەكانی دەرەوەی شار و نەبوونی باڵەخانە بەشێك لەم كێشانەیە. بەگوتەی بەرپرسانی شارەكە، تەواوی قوتابخانەكان دوو دەوامن و چەند قوتابخانەیەكیش سێ دەوامی تێدا دەكرێت.
بەگشتیی لەبەرئەوەی لە كوردستان رێژەی منداڵبوون دیاری نەكراوە، ژمارەی قوتابی یەكجار زۆرە و سەرووی یەك ملیۆنە، ئەوە لە كاتێكدا باڵەخانەی پێویست بۆ ئەو ژمارەیە نییە، بۆیە بەشێوەی ئاسایی قوتابخانە دوو دەوامی تێدا دەكرێ.
عومەر محەمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمساڵ پێش وادەی ساڵی نوێی خوێندن، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە پەروەردەكان ئەنجام دراوە بەمەبەستی ئامادەكاریی بۆ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن، ئێستە ژمارەیەكی زۆری كتێب گەیشتوونەتە قوتابخانەكان كە یەكێك لە ئامادەكارییە گرنگەكان.
ئەوەشی گوت، "بوونی میلاك یەكێكە لە گرفتەكانی بەردەم پەروەردەی سلێمانی، كێشەی كەمیی مامۆستامان هەیە، بەڵام توانیویانە مامۆستا بەشێوەی وانەبێژ دابمەزرێنن و ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت، هەروەها كێشەیەكی تر كەمیی باڵەخانەی قوتابخانە و كۆنی و شێواوی بەشێكی زۆر باڵەخانەكان كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە".
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی نەتوانراوە باڵەخانەی قوتابخانە و باخچەكان دروست بكرێن، گرفتێكی زۆر بۆ پەروەردەی سلێمانی دروست بووە. بەگوتەی عومەر محەمەد "سەرەڕای بوونی دوو دەوام، لە بەشی زۆری قوتابخانەكان، بەشێكیان سێ دەوامین و قەرەباڵغییەكی زۆر لە قوتابخانەكان دروست دەبێت و دۆخەكە لە ساڵی رابردوو خراپتر دەبێت، چونكە ژمارەی قوتابیان زیاد دەكات".
زیاتر روونی كردەوە، هەندێك باڵەخانەی قوتابخانە هەن دەتوانرێ بە بڕە پارەیەكی كەم نۆژەن بكرێنەوە، هەروەها ئەو باڵەخانانەی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دروست دەكرێن، هەندێكی تەواو كراون، هەندێكیشی ماون، قوتابخانە هەیە لەناو خانوودایە، بۆیە گرفتێكی زۆر لە باڵەخانەدا هەیە، گەڕەك هەیە تا ئێستە باخچەی حكوومی تێدا نییە، تەواوی گەڕەكەكانی تریش بەهەمانشێوەن".
بەپێی ئامارێك كە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتی سلێمانی خستیە ڕوو، لە سنووری سلێمانی 38 پڕۆژەی دروستكردنی باڵەخانەی قوتابخانە تەندەریان بۆ كراوە و جێبەجێ نەكراون، هیوای خواست حكوومەتی نوێ بڕێك پارە بۆ بەڵێندەرەكان دابین بكەن تا كارەكانیان تەواو بكەن، ئەگەر ئامانجیش ئەوە بێ خوێندن بخرێتە سەر هێڵی خۆی، چەند باڵەخانەی قوتابخانە لە سلێمانی هەن پێویستیان بە ئەوەندەی تر هەیە.
لە هەرێمی كوردستان ئێستە زیاتر لە یەك ملیۆن خوێندكار هەن، ساڵانە لە نێوان 40 بۆ 50 هەزار خوێندكاری نوێ لە قوتابخانەكان وەردەگیرێن و وەك پۆلی یەكی بنەڕەتی تۆمار دەكرێن.
لە چوار ساڵی 2014 تا 2018 هەرێمی كوردستان بودجەكەی بڕا و كەوتە شەڕی تیرۆرەوە، بەو هۆیەوە هەموو پرۆژەیەك وەستا و لەناویدا سەتان قوتابخانەیش لە نیوەی كاردا راگیراون.
بەكر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، بە"وشە"ی گوت، ئامادەكاریی تەواو كراوە بۆ دەستپێكی وەرزی نوێی خوێندن، داوا لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان كراوە قوتابخانەكان پاك بكەنەوە، هەروەها كتێب لە تەواوی قوتابخانەكان دابەش كراوە، بەڵام كەموكورتییەكی زۆر لە رووی كەمیی باڵەخانەوە هەیە.
وەك ئەو بەڕێوەبەرە خستیەڕوو، لە سنووری سلێمانی ئەگەر بیانەوێ كێشەی باڵەخانە بەكۆتا بهێنین، پێویستیان بە 500 باڵەخانەی نوێی خوێندن هەیە كە تەواوی ناوچەكان دەگرێتەوە. لەبارەی میلاكی مامۆستا گوتی، "ئێستە سلێمانی لە سەنتەری شارەكان پێویستی بە مامۆستا نییە، بەڵام لە دەرەوەی شار پێویستی بە مامۆستایە".
لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا مامۆستای نوێ دانەمەزراوە، كۆمەڵێك مامۆستا بە گرێبەست دامەزران، هەروەها مامۆستای وانەبێژیش هەن، بەڵام بە بڕوای ئەو بەڕێوەبەرە ئەمە تەواوكەر نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە، بۆ نموونە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە سلێمانی هەیە 70%ی میلاكی بووەتە وانەبێژ بەتایبەت پەروەردەی شارباژێر، ئەمەش گرفتی هەرە گەورەی سلێمانییە، تەنیا پەروەردەی ڕۆژئاوا پێویستی بە زیاتر لە 300 مامۆستا دەبێت، پەروەردەكانی تریش بە زیادەوە ئەو ژمارەیەیان پێویستە.
لەلایەكی ترەوە نازدار ئەحمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات لە سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، گرفتی پەروەردەی سلێمانی كەمی باڵەخانە و میلاكی مامۆستایە، لە دەرەوەی شار گرفتێكی زۆری مامۆستا هەیە و هەوڵ دراوە بە مامۆستای وانەبێژ كەمێك لەو گرفتانە چارەسەر بكەن.
ئەوەشی گوت، "كەمی باڵەخانە لە سنووری پەروەردەی سلێمانی یەكێكی ترە لە كێشە بەردەوامەكان، لە سنووری پەروەردەی ڕۆژهەڵات هیچ قوتابخانەیەك نییە یەك دەوام بێت، سەرجەمیان كراون بە دوو دەوام و قوتابخانەش هەیە سێ دەوامی تێدا دەكرێت.