"دروستكردنی فشار لەسەر پارتی دیسان بەناوی جیاكردنەوەی سلێمانی"
سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بەغدا كە هیچ بەرپرسیارێتییەكی حكوومی و حزبیی نییە، كاردانەوەی لێ دەكەوێتەوە. "وشە" زانیاری و مەبەستی سەردانەكەی بافڵ ئاشكرا دەكات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بافڵ تاڵەبانی بە یاوەری ئاراس جەنگی سەردانی بەغدای كردووە، تا ئێستە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و عەماڕ حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە و چەند سەركردەیەكی تری عێراق كۆ بووەتەوە.
ئەم سەردانەی بافڵ ڕاستەوخۆ دوای ئەو گلەیی و ناڕەزایەتییانەی یەكێتی دێت لە پارتی لەبارەی پارێزگاری كەركووك كە تا ئێستە دانەنراوە، هاوكات بۆ ساردكردنەوەی ئەو هەوڵانەی چاكسازییە كە ئومێدی لای خەڵك دروست كردووە و سەرەتاكانی پرۆسەكە بە تۆكمەیی بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەی زانیارییە بەدەستهێنراوەكانی "وشە"، بافڵ تاڵەبانی هەموو هەوڵەكانی خستووەتە گەڕ بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد لە پشكی حزبەكەی بۆ كەركووك، ئەم هەنگاوەی بۆ ئەوەیە كە پێشتر لە چەندان بۆنەدا دووپاتی لە دانانی پارێزگاری كەركووك كردووەتەوە لە پشكی حزبەكەی، بەڵام عەرەب و توركمان شكست بە هەوڵەكەی دێنن و دەیەوێ بەم سەردانە بەڵێنەكەی بباتە سەر، بۆ ئەو مەبەستەیش ڕای گەیاندووە، هەر بەرانبەرێك داوا بكرێت لە پێناو دانانی پارێزگاری كەركووك، ئەو دەیكات.
ئاراس جەنگی كە یاوەری تاڵەبانی دەكات لەو سەردانەدا، رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر لە كەركووك رای گەیاند، ناوی پارێزگاری نوێ لە گیرفانیدایە، بەڵام ئەوە دوو ساڵی تەواو بەسەر رووداوی بەدەستەوەدانی كەركووكدا تێدەپەڕێت و دوای دەیان سازش و رێككەوتن، هێشتا پارێزگار دانەنراوە.
بەپێی زانیارییەكان، بافڵ لەو سەردانەدا بە عادل عەبدولمەهدی ڕاگەیاندووە كە وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق پارێزگارێك لە پشكی یەكێتی بۆ كەركووك دابنێت، لە بەرانبەریشدا یەكێتی هەموو هەوڵ و فشارێك لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان دروست دەكات تا نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵێنیشی داوە فشارەكان تا ئاستی جیاكردنەوەی سلێمانی و ڕێككەوتنی تاكلایەنە لەگەڵ بەغدا دەبات.
ئەوەیشی ڕاگەیاندووە، یەكێتی لەگەڵ ئەوەدایە نەوتی كوردستان ڕادەستی بەغدا بكرێت، بەڵام پارتی تا ئێستە ڕێگرە، بۆیە لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا، یەكێتی دەتوانێ بلۆكە نەوتییەكانی سنووری خۆی ڕادەستی ناوەند بكات و لەلایەن بەغداوە بفرۆشرێت و بەرهەم بهێنرێت، وەك پارێزگاكانی تری عێراق بودجە و مووچە بۆ سلێمانی بنێرن.
ئەم هەوڵە لە كاتێكدا پێشوەچوونی بەرچاو لە پێوەندی حكوومەتەكانی هەرێم و بەغدا لە ئارادایە و رێككەوتن لەبارەی نەوتەوە بە فەرمی لەلایەن هەرێمەوە ئامادەیی بۆ دەربڕاوە، لە بەرانبەر دابینكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە بودجەی عێراقدا.
ئەم سەردانەی بافڵ تاڵەبانی و ئاراس جەنگی نیگەرانی و مەترسیی لە ناوخۆی هەرێم دروست كردووە، بەتایبەت كە ڕووداوی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، هێشتا لێكەوتەكانی ماون كە كەركووك و ٥١%ی خاكی كوردستان بێ بەرگری درا بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و بافڵ تاڵەبانی بە یەكێك لە ئەنجامدەرانی ئەو ڕێككەوتنە لەگەڵ سوپای عێراق تۆمەتبار كرا، بۆیە مەترسیی دووبارە ڕێككەوتنێكی تری هاوشێوە دەكرێت كە بە خراپ لەسەر كوردستان و بەرژەوەندییەكەی بكەوێت.
"وشە" پێوەندیی بە هەریەك لە لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی یەكێتی، سەعدی ئەحمەد پیرە و ڕزگار عەلی ئەندامانی مەكتەبی سیاسییەوە كرد، بەڵام ڕەتیان كردەوە ئەو زانیارییانە ڕاست بن و ئامادەی هیچ لێدوانێكیش نەبوون.
لەلایەكی تریشەوە "وشە" لە زاری سەركردایەتییەكی پارتییەوە ئەوەی زانیوە كە سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی نیگەرانیی لای پارتی دروست كردووە و پێیان وایە، هەر جووڵەیەكی تاكلایەنەی سیاسی و حزبی لە دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و هەوڵدان بۆ هەر ڕێككەوتنێكی كەسیی بەناوی كوردەوە، بەتایبەت لەم بارودۆخەی ئێستەدا كە هەرێم و بەغدا نزیكن لەیەكەوە و خەڵك خۆشحاڵە بەو سەقامگیرییە، كێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكات.
هەروەها پارتی دووپات لەوە دەكاتەوە هەر هەوڵ یان پێشنیارێك هەبێت، پێویستە لەلایەن حكوومەتی هەرێم و ئەو شاندەی دانوستانكارەوە بێت كە حكوومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر دەدات، هەر گفتوگۆ و هەوڵێكی تر لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە بە ڕێگری لە بەردەم ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا دەزانێت.
ئێستە هەرێم و بەغدا لە ڕێی لیژنەكانەوە كۆبوونەوەی چڕوپڕ دەكەن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، لە ماوەی هەفتەی ڕابردووشدا شاندێك لە بەغداوە هاتووەتە هەرێم و بە پێچەوانەیشەوە.
ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، هەوڵەكانی هەرێم و بەغدا بەردەوامن و لێكنزیكبوونەوەی باشیش لەو ڕووەوە ڕووی داوە.
زیاتر گوتی، "دەبێت هەر هەوڵێك بۆ ڕێككەوتن و گفتوگۆ هەبێت لە چوارچێوەیەكی ڕەسمی و لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بێت، هەر حزبە و بە جیا بێت بۆ گفتوگۆ، هەم لاواز دەبین، هەم ناتوانین هیچ ڕێككەوتنێك لە بەرژەوەندیی كوردستان بكەین."