تارۆ یەکەم ژنە فۆتۆگرافەری جەنگ لە جیهاندا

:: AM:11:45:19/01/2017 ‌
گەردا تارۆ، لەسەر ئاستی جیهاندا یەکەم خانمە فۆتۆگرافەرە بۆ وێنەگرتن چووەتە ناو بەرەکانی پێشەوەی شەڕ و داهێنەری ستایلێکی نوێیە لە فۆتۆی جەنگدا.

گەردا تارۆلە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا بۆ وێنەگرتن چووە ناو بەرەکانی شەڕەوە، ئەوە یەکەمجار بوو لە مێژووی فۆتۆگرافەریدا ژنێک ببێت بە فۆتۆگرافەر جەنگ و دوای کۆکردنەوەی ئەزمون لەو بوارەدا لەگەڵ "رۆبێرت کاپا"ی هاوسەری ستایلێکی نوێ و مۆدێرنیان لە فۆتۆی جەنگیدا داهێنا کە دواجار کارکردن لەسەر ئەو داهێنانە بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی.

گاردا لە ساڵی 1910 لە بنەماڵەیەکی جولەکەی ئەڵمانیا لە شاری شتوتگارد لەدایک بووە، ساڵی 1933 بەهۆی پڕوپاگەندەکردن لە دژی ئەڵمانیای نازی گیرا و دواتر بە هۆی ئەوەی پاسه‌پۆرتی پۆڵەندای هەبوو ئازاد کرا و بەرەو پاریس رایکرد.

لە پاریس لەگەڵ ئەندرێ فریدمان، فۆتۆگرافەری بەناوبانگی هەنگاریا ئاشنا بوو و دواتر پێوەندی خۆشەویستییان لەنێواندا دروست بو، هەردوکیان ناوی "فۆتۆگرافەری" خۆیان گۆڕی بۆ گاردا تارۆ و رۆبێرت کاپا.

هاوینی ساڵی 1936 تارۆ و گاپا بۆ تۆمارکردنی وێنەی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا دەچنە ئەو وڵاتە، هەردووکیان پێشتر لە نازییەکان رایان کردبوو، بۆیە ئینتیمای زۆریان بۆ ئەوە هەبوو وێنەی شەڕی نێوان کۆماریخوازەکان و فرانسیسکۆ فرانکۆی هاوپەیمانی نازییەکان تۆمار بکەن.

مانگی ئابی ساڵی 1936 گاردا تارو وێنەی ژنانی ئیسپانیای تۆمار کرد کە لە فێرگەکانی بەرشەلۆنە راهێنانی چەکداریان پێ دەکرا، ئەو وێنەیە بوو بە یەکێک لە وێنە ناودارەکانی تاروو.

تاروو لە حوزەیرانی 1937 لەکاتی وێنەگرتنی سەربازە بریندارەکان لە بەرەکانی "برۆنت" لەلایەن تانکی هێزەکانی فرانسیسکۆ تەقەی لێ دەکرێت و بریندار دەبێت، بەهۆی سەختی برینەکەی رۆژی دواتر لە تەمەنی 26 ساڵی کۆچی دوایی دەکات و لەدوای خۆی کۆمەڵێک وێنەی نایاب لە بەرەکانی شەڕ بە ستایلێکی مۆدێرنی فۆتۆگرافی بەجێ دەهێڵێت.

سەرچاوە/دویچەوێلە










وشە - هیدایه‌ت جان