هاووڵاتییانی پێنجوێن بە خەرجی خۆیان گەڕەكەكانیان قیر دەكەن

:: PM:04:25:18/09/2019 ‌
بەهۆی خراپی رێیەكە و پابەندنەبوونی بەشێك لە شۆفێران، رۆژانە لە رێی سلێمانی – پێنجوێن رووداوەكانی هاتوچۆ رووی لە هەڵكشانە، هاوكات دانیشتوانی گەڕەكێكی پێنجوێنیش لەبری شارەوانی دەستیان دایە كۆنكرێت و قیرتاوكردنی گەڕەكەیان.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئەیلوول، هیمداد كەریم دانیشتووی گەرەكی ناوشاخانی پێنجوێن بۆ "وشە" دەڵێ، بەهۆی خراپبوونی شەقامی سەرەكی و ناو گەڕەكەكەمان كە ژمارەیەك كۆڵانی تێدایە، نزیكبوونەوە لەوەرزی پایز و بارانبارینیش نەمانتوانی چاوەڕێ بكەین و ئاستەنگی زۆری هاتوچۆی دروست كردبووین.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بۆیە لەبری شارەوانی هەستاین بە چاككردن و كۆنكرێت و قیركردن و لەسەر گیرفانی خۆمان پارەمان بۆ دابین كرد".

ئەمیری سۆفی جەمال لێپرسراوی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن بە"وشە"ی راگەیاند: بەڵێ ئاگاداری ئەو كارەین كە دانیشتووانی ئەو گەڕەكە خۆیان بەشێك لەشەقام و رێیەكانی گەڕەكەكەیان چاك كردووەتەوە  و پێش ئەنجامدانی ئەو كارە، پرسیان بەشارەوانی نەكردووە، بۆیە پێمان وایە كە كارێكی باش نییە، چونكە ماوەیەكی تر هەڵدەكەندرێتەوە و دەبێت چیمەنتۆ و بیئارسی و هەندێك كەرەستەی تری تێ بكرایە، بەڵام ئەوەی ئەوان تەنیا كۆنكرێت و قیرتاوكردنێكی سادەیە.

هاوكات كەریم زیلان یەكێك لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە پێنجوێن بۆ "وشە" گوتی، بەداخەوە خراپی رێگەوبانەكان و یەكسایدیی و نەبوونی هێما و پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر رێیەكان و پابەندنەبوونی شۆفێران بەرێنوێنیی و یاساكانی هاتوچۆ، هۆكاری سەرەكین زۆربوونی رووداوەكانن و پێویستە بەپەلە بیر لە دۆزینەوەی چارەسەر بكرێت.

"ئێستە رێی مەرگی نێوان سلێمانی و پێنجوێن، بووەتە رێیەكی مەترسیدار بۆ ژیانی هاونیشتمانییان و ئێمەی شۆفێران داواكارین لێرەوە بەپەلە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە". كەریم زیلان وای گوت.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پێنجوێن كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول زیاتر لە 200 رووداوی هاتوچۆ لە سنووری پێنجوێن و دەوروبەری روویان داوە و بەشێكی زۆری رووداوەكانیش زیانی مادی و گیانی لێ كەوتووەتەوە.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، زیاتر لە 100 كەس بوونەتە قوربانی و بەشێكی زۆریش ئەو شۆفێر و سەرنشینانەن كە رۆژانە ئۆتۆمبێلی پیكابیان پێیە و كاری فرۆشتنی میوە و سەوزەیان كردووە.

شارۆكەی پێنجوێن دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلی بچووك و گەورەی بارهەڵگر و تانكەرەكانی سووتەمەنی و ئۆتۆمبێلی گەشتیاران و هاووڵاتییان پیایدا هاتوچۆ دەكەن.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی


وشە - هیدایه‌ت جان