سوپای عێراق خۆی ئامادە دەکات بپەڕێتەوە ئەوبەری دیجلە

:: AM:11:57:19/01/2017 ‌
خەریکە قۆناغی سێیەمی شەڕی رزگارکردنی مووسڵ دەست پێ بکات و هێزەکانی عێراق لە رووباری دیجلە بپەڕنەوە. پێشبینی کراوە ئەو قۆناغە لە شەڕی رزگارکردنی مووسڵ قورستر بێت لە قۆناغەکانی پێشتر. چونکە ژمارەی دانیشتووانی بەشی رۆژئاوای مووسڵ زیاترە و پێگەی داعش لەو بەشەی مووسڵیش بەهێزترە.

دوێنێ چوارشەم هێزەکانی عێراق توانیان بە تەواوی بەشی رۆژهەڵاتی مووسڵ رزگار بکەن. رووباری دیجلە مووسڵ بە دوو بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دابەش دەکات.

تەقاندنەوەی پردەکان لە لایەن داعش و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە گەورەترین بەربەستی هێزەکانی عێراق بۆ پەڕینەوەی ئەوبەری رووبار هەژمار دەکرێت.

فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بۆیە پردەکانیان تەقاندەوە تا رێگری بکەن لەوەی لەوبەری رووبارەوە یارمەتی سەربازی بە چەکدارانی داعش بگات.

هێزەکانی عێراق دەستیان کردووە بە دروستکردنی پردی کاتیی بۆ پەڕینەوە و پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشەکە دەست پێ بکات.

بەشی رۆژئاوای مووسڵ لە ٤٦ گەڕەک پێکهاتووە. پێنج گەڕەکی "الشفا‌و" ، "راس الخور"، "باب الگوب" جوسق و الگیران لە کەناری رووباری دیجلە هەڵکەوتوون.

تێبینی کراوە ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە بۆ رۆژئاوای مووسڵ هەڵاتوون دوو هەزار چەکدار بێت.

 


وشە - سلێمان تاشان