ژمارەیەك گەنج بە وێنەی سێ رەهەندی دیوار و شوێنە گشتییەكانی كەلار دەنەخشێنن

:: AM:09:36:19/09/2019 ‌


ژمارەیەك گەنجی بەهرەمەند لەسەر دیوار و شوێنە گشتییەكانی شارۆكەی كەلار /ناوەندی ئیدارەی گەرمیان/، وێنەی سەرنجڕاكێش دەكێشن و جۆری وێنەكانیش بۆ ناوچەكە نوێیە .

ئۆژین عومەر یەكێك لەو گەنجانە  بۆ "وشە" باسی لەوە كرد "ئێمە چەند گەنجێكین بە ئامانجی جوانكردنی ناوچەكە ئەم كارانە دەكەین، بۆیە داواكارین هەر كەسێكی تری بەهرەمەند ئەگەر توانای ئەم جۆرە وێنەكێشانەی هەیە، لەگەڵمان بێ و كاری لەم جۆرە بكات."
بەگوتەی ئۆژین، كارەكانیان دەنگدانەوەی زۆری هەبووە لە ناوچەكە چونكە كاری نوێن و بە "سریدی" نەخشەكان دەكێشن.

ئۆژین پشتگیری ئەو بۆچوونە دەكات كە پێی وایە كێشانی وێنەی سەرنجڕاكێش دەبێتە هۆكارێك تا كەسانێك كە ناتوانن بچنە پێشانگە تایبەتەكان یان ئاگایان لەكاتی نمایشی پێشانگەكان نییە. زیاتر گوتی "دەتوانن بە ئاسانی ئەم كارە هونەرییانە لە شوێنە گشتییەكان ببینن".
ئەحمەد رەحیم یەكێكی ترە لەو كەسانەی نزیكەی چارەكە سەدەیەك دەبێ سەرقاڵی كاری وێنەكێشانە، لەبارەی ئەم پرۆژەیە، بۆ "وشە" روونی كردەوە كە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان هیچ هاوئاهەنگییەكی لەگەڵیان نییە و ئەوانیش وەك خولیایەك ئەم كارە دەكەن. ئەو دەڵێت "جگە لە من، ئۆژین عومەر و محەمەد عەبدولستار هاوئاهەنگی بەردەواممان هەیە بۆ ئەم كارە خۆبەخشییە."

بەهۆی دەنگدانەوەی كارەكانیان و جوانی وێنەكانیان، لە كەلار ئەم خۆبەخشانە بوونەتە جێی باس و خەریكە بەجۆرێك دەبێت بە ریكلام بۆیان تا كاری بەردەوامی وێنەكێشانیان دەست بكەوێت و لەسەر خواستی خەڵك تابلۆ بنەخشێنن. بەو پێیەی "وشە" ئەوەی دەست كەوت كە زۆر كەسی خاوەن پێشانگە و فرۆشگە و دامەزراوەی ئەهلی لە كەلار داوایان لێ دەكەن كاری لەو شێوەیان بۆ دروست بكەن.
شەوبۆ محەمەد ژنێكی نیشتەجێی كەلار، بۆ "وشە" گوتی، ئەو جۆرە كارە بۆ كەلار نوێیە، چونكە پێشتر بایەخ بە هونەری سێ رەهەندی نەدراوە. 

هەر خۆی بە پێكەنینەوە ئەوەی دركاند، "منداڵەكەم هەمیشە پێم دەڵێ با بچین بۆ بینینی ماسی و مەیموون، چونكە وا هەست دەكات راستەقینەیە و لە دیوار هاتووەتە دەر." بۆیە ئەو خاتوونە بە پێویستی زانی لایەنە پێوەندیدارەكان پاڵپشتی ئەم جۆرە بەهرەمەندانە بكەن.

وشە/ سەبری هۆرینی



















وشە - وشه‌