2020 عێراق رووبەڕووی گەورەترین تەنگژەی دارایی دەبێتەوە

:: AM:11:20:19/09/2019 ‌
هاوكاتی ئامادەكارییەكان بۆ نووسینەوەی بودجەی 2020، پەرلەمانتارانی لیژنەكانی دارایی و یاسایی و ئابووری داو لە حكوومەت دەكەن پێداچوونەوەیەكی فراوان بە بودجە بكات. پەرلەمانتارێك دەڵێ، یەكێك لە هۆیەكانی تەنگژەی دارایی هەڵگرتنی گومرگ و رسووماتە لەسەر كاڵای ئێرانی.

ئەنغام خزاعی پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی دەڵێ، داهاتی نەوت و نانەوتی بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە و ئەمەش وادەكات عێراق لە 2020 رووبەڕووی تەنگژەیەكی دارایی خنكێنەر ببێتەوە، ئەوەی ئێستەش روو دەدات پێچەوانەی خاڵی چوارەمی بەرنامەی حكوومەتە كە لەسەر فرەڕەنگكردنی داهاتی نانەوتی بونیاد نراوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكان، هۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی بۆ رێككەوتنی نێوان عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە كە لە رێككەوتنەكەدا گومرگ و رسوومات لەسەر هاوردەی كاڵای ئێرانی بۆ عێراق هەڵگیراوە.

داهاتی نانەوتی عێراق لە گومرگ و رسوومات لە مانگی ئابی 2018، هەشت ترلیۆن و 600 ملیار دینار بووە، بەڵام لە مانگی ئابی ئەمساڵ بۆ نزیكەی سێ ترلیۆن دابەزیوە و زیاتر لە پێنج ترلیۆن و 600 ملیار دینار كەمی كردووە كە دەكاتە 65%ی داهاتەكە، كە هەر ترلیۆنێك دیناری عێراقی دەكاتە 800 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.

پەرلەمانتارەكەی لیژنەی دارایی دەڵێ، یەكێك لە هۆیەكانی كەمكردنی داهاتی نانەوتی، هەڵگرتنی گومرگ و رسووماتە لەسەر كاڵای ئێرانی هاوردەكراو بۆ عێراق، لەگەڵ ئەمەشدا شكستی حكوومەت لە فرەڕەنگكردنی داهاتی نانەوتی یەكێكی ترە لە هۆیەكان، گوتی "تا ئێستە 40%ـی بەرنامەی حكوومەت جێبەجێ نەكراوە".
 
چاوەڕوان دەكرێت لە بودجەی 2020، كورتهێنان بگاتە 30 ملیار دۆلار، ئەمەش لە كاتێكدایە لە بودجەی ئەمساڵدا كورتهێنان 23 ملیار دۆلار بووە.

مونعیم دلێمی شارەزای ئابووری دەڵێ، هەڵگرتنی رسوومات لەسەر پێنج ملیۆن ئێرانی كە هەریەكەیان 40 دۆلار دەدات كە دەكاتە دوو ملیار دۆلار، بڕێكی زۆرە، جگە لەمەش رێككەوتن لەگەڵ توركیا و ئێران و ئوردن لەسەر هەڵگرتنی رسوماتی گومرگی لەگەڵ جێگیر نەبوونی نرخی نەوت و كڕینی غاز لە ئێران لە لایەك، هاوكات هاتنی وادەی دانەوەی قەرزە نێودەوڵەتییەكان كە بە بۆنەی شەڕی داعش حكوومەتی حەیدەر عەبادی قەرزی كردبوو، هاوكات دامەزراندنی هەزاران كەس و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر لە پڕۆژەكان، ئەوانە هەر هەمووی بەیەكەوە ئاماژەی روونن كە ساڵی داهاتوو، ساڵێكی قورس دەبێت، بەڵگەی ئەمەش مشتومڕی بەرپرسانە لەسەر بودجە كە دەیانەوێت چارەسەرێك بۆ ئەو پرسە بكەن.

جێی باسە عێراق زیاتر لە 120 ملیار دۆلار قەرزی لەسەر هەیە، لە بودجەی ئەمساڵدا زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار تەنیا بۆ دانەوەی قەرزەكان و سووی سەر قەرزەكان تەرخان كراوە، هاوكات پەرلەمانیش رێی لە حكوومەت گرتووە چیتر پارە قەرز بكات.


وشە - فه‌رمان سادق