وێستگه‌كانی ژیانی فه‌تاح كاویان.. نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌داری كوردستان

:: PM:12:16:19/01/2017 ‌
فەتاح کاویان، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکرات دوای 60 ساڵ خەبات لەپێناو ئازادی نەتەوایەتی لە تەمەنی 80 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لەدوای خۆی کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی بۆ نەتەوەکەی جێهێشت.

شەوی چوارشەم 18ی کانوونی دووەم/یەنایەر فەتاح کاویان، نووسەر و سیاسەتمەداری کوردستان دوای 60 ساڵ خەباتی نەتەوایەتی لە قەڵای دیموکراتی کۆیە کۆچی دوایی کرد.

فەتاح کاویان لەدایکبووی ساڵی 1936ی شاری مهابادە و ساڵی 1951 دەبێتە ئەنجامی حزبی دیموکراتی کوردستان و دوای جەندان ساڵ خەبات و تێکۆشان لە ساڵی 1959 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی لەلایەن دەزگای ساواکی رژێمی پاشایەتی ئێران دەگیرێن.

فەتاح کاویان لە یەکەم دادگاییکردندا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێت و دواتر پێداچوونەوە بۆ سزاکەی دەکرێت و دەگۆڕدرێت بۆ 10 ساڵ زیندانی و سەرئەنجام لە ساڵی 1962بەو مەرجەی مهاباد بەجێ بهێڵێت، لە زیندان ئازاد دەکرێت.

کاویان پێشتر مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو و دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە بەشی زمانی ئینگلیزی سەرباری ئەوەی مافی دامەزرانی لە دامودەزگا میرییەکان لێ سەندرابووەوه‌، وەک یەک لە باشترین مامۆستاکانی زمانی ئینگلیزی لە دەزگەی نیشتیمانی زمان لە تاران هەڵبژێردرا و زیاتر لە 10 ساڵ لەو دەزگا ئەهلییە وەک مامۆستا وانەی زمانی ئینگلیزی گوتەوە.

لە سەروبەندی سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1977 فەتاح کاویان دوای 15 ساڵ دورخستنەوەی لە مهاباد و داوای لێ کرا ببێت بە سەرۆکی شارەوانی، بەڵام شۆڕشی گەلانی ئێران دەستی پێ کردبوو و دەرفەتی ئەو قەرەبووکردنەوەیە بۆ رژێمی پاشایەتی نەمابووە دوای ماوەیەکی کەم دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانی مهاباد کێشایەوە و بوو بە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانەکان.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە کۆنگرەی حزبی دیموکرات وەک ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە هەڵبژێردرا و تا کۆنگرەی 13ی ئەو حزبە لە پۆستەکانی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی ئەو حزبەدا مایەوە و هاوکات کاری بۆ وەرگێڕان و دانانی فەرهەنگی زمانی کوردی و ئینگلیزی کرد و چەندان بەرهەمی ناوازەی لەو بوارانە لەدوای خۆی جێهێشت.

لە کۆنگرەی 13ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکەم ئەندامەکانی سەرکردایەتی ئەو حزبە بوو بە ویستی خۆی دەستبەرداری پۆستی رێبەرایەتی ئەو حزبە بوو و رێگەی دا نەوەی تازە بێنە ناو ریبەرایەتی حزبەکەیەوە.












وشە - هیدایه‌ت جان