عەلی خامەنەیی رابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندی لەسەر هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە داوە بەو مەرجەی گومان نەكرێت هێرشەكە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراوە. ئەمەش لە كاتێكدایە، سعوودیە دووپات لەوە دەكاتەوە ئەو چەكانەی لە هێرشەكە بەكار هاتووە، ئێرانی بوون و لە یەمەنیشەوە هێرشەكە ئەنجام نەدراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئەیلوول، بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی (
سی بی ئێس نیوز) كە لە زاری چەند بەرپرسێك بڵاوی كردووەتەوە، دووپات لەوە دەكاتەوە كە عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەرجی ئەوەی گومان نەكرێت هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە لەلایەن ئێران ئەنجام دراوە، رەزامەندی داوە بە هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی ئارامكۆ.
ئەو بەرپرسانەی ئەمەریكا كە قسەیان بۆ ئاژنسەكە كردووە و دەڵێن، بەڵگەی یەكلاكەرەوە هەیە كە وێنەكان لە مانگی دەستكردەوە گیراون، نیشانی دەدات كە سوپای پاسداران لە بنكەیەكی سەربازی لە ئەهوازی باشووری وڵات، ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە، گرنگی ئەو وێنانەش لەو كاتەدا بەدەر كەوت كە هێرشەكە ئەنجام درا.
هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە بەرەبەیانی زووی رۆژی شەموو 14ـی ئەم مانگە ئەنجام دران، رۆژی دووشەم 16ـی ئەیلوول، ئێران لە یاداشتێكی دیپلۆماسی كە لە رێگەی باڵوێزخانەی سویسرا لە تاران ئاراستەی ئەمەریكای كرد، رای گەیاند كە ئێران دوور و نزیك هیچ رۆڵێكی لەو هێرشە نییە كە كراوەتە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە، هاوكات هۆشداری هەر جووڵەیەكی كرد لە دژیدا.
دواتر بەرپرسانی ئێران لەسەر ئاستی باڵا دەستخۆشییان لە حووسییەكانی یەمەن كرد بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە پاش ئەوەی بەرپرسیاریەتی خۆیان راگەیاند، تەنانەت پاساویشیان بۆ هێناوە.
شەوی رابردوو گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری سعوودیە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، هێرشەكە بە چەكی ئێرانی ئەنجام دراوە و بەهیچ شێوەیەكیش لە باشوورەوە نەبووە، وەك ئاماژەیەك كە لە یەمەنەوە هێرشیان نەكراوەتە سەر.
هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە، كاریگەری بە رێژەی 5% بۆ سەر كۆی هەناردەی نەوتی دنیا هەبووە، هاوكات زیاتر لە نیوەی هەناردەی نەوتی سعوودیەی كەم كردووەتەوە كە رۆژانە ئەو وڵاتە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی دنیا دەكات، هەموو ئەوانەش پاڵنەری سەرەكین كە نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ نزیكەی 70 دۆلار بەرز بووەتەوە.