عێراق رەتی كردەوە بچێتە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاراستنی كەشتییەكان

:: PM:12:16:19/09/2019 ‌
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رای گەیاند، عێراق ناچێتە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئاسایشی كەشتیوانی دەریایی و سەلامەتی رێڕەوە ئاوییەكانی كەنداو، ئەمەش لە كاتێكدایە تا دێت ژمارەی وڵاتانی ناو هاوپەیمانیەتییەكە زیاتر دەبن و سعوودیە و ئیماراتیش چوونە ناو هاوپەیمانیەتییەكە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئەیلوول، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەتی كردەوە بچێتە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاراستنی سەلامەتی رێڕەوە ئاوییەكانی كەنداو كە ئەمەریكا سەركردایەتی دەكات و زۆر لە وڵاتانی دنیا چوونەتە ناو هاوپەیمانیەتییەكە، بەمدواییەش سعوودیە و ئیماراتیش چوونە ناو هاوپەیمانیەتییەكە.

 ئەحمەد سەحاف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە كەناڵی ئاسمانی (جەزیرە)ـی راگەیاند، پاراستنی كەنداو ئەركێكە لەسەر شانی وڵاتانی ناوچەكە، بۆیە عێراق ناچێتە ناو هیچ هاوپەیمانیەتییەك بۆ پاراستنی رێڕەوە ئاوییەكانی كەنداو، گوتی "تەنانەت بەشداری ئیسرائیل لەو هاوپەیمانیەتییە رەت دەكەینەوە".

رەتكردنەوەكەی عێراق لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ ئیماڕات بڕیاری بەشداری لە هاوپەیمانیەتییەكەدا كە بیرۆكەی دروستكردنی ئەو هاوپەیمانیەتییە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تەمووزی رابردوو كاتێك جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە ئەمەریكا كار بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانیەتییەك دەكات بۆ پاراستنی رێڕەوە ئاوییەكانی كەنداو.

ئەركی هاوپەیمانیەتییەكە پاراستنی ئاسایشی رێڕەوی ئاوەكانی كەنداوە تا كەشتییەكان بە سەلامەتی تێیدا جووڵە بكەن، سنووری ئەركی هاوپەیمانیەتییەكەش گەرووی هورمز و بابولمەندەب و دەریای عومان و كەنداوی عەرەبی دەگرێتەوە.

جێی باسە بیرۆكەكە دوای ئەوە سەری هەڵدا كە چوار كەشتی سعوودی و ئیماراتی كرانە ئامانج و ئێرانیش لەمەدا تۆمەتبار كرا، دواتر سوپای پاسدارانی ئێرانی دەستی بەسەر كەشتییەكی بەریتانی گرت و چەند جارێكیش هەوڵی دەستگرتنی داوە بەسەر چەندان كەشتی تر لە گەرووی هورمز.


وشە - فه‌رمان سادق