حکوومەتی هەرێم نیگەرانییەکانی لە سەرژمێری گشتی ئاشکرا دەکات

:: PM:12:17:19/09/2019 ‌

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی سێیەمی ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێری گشتی لە نێوان دەستەی ئاماری كوردستان و عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو و لەدوای کۆبوونەوەکە کۆنفرانسێکی هاوبەش لەنیوان هەردوولا بەڕێوەچوو.


ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئەیلوول، دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە کۆ٩نگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رای گەیاند، لەگەڵ وەفدێكی حكوومەتی عێراقی كۆبوینەوە كە مەهدی عەلاق راوێژكاری سەرۆك وەزیران و د.زیا عەواد سەرۆكی دەستەی ئاماری عێراق ئامادەبون و مەترسییەكانی خۆمان لەبارەی سەرژمێرییەوە خستەڕو كە وابریارە ساڵی داهاتو ئەنجام بدرێت.

زیاتر روونی کردەوە، ئەو مەترسییانە نەك ئێمە، بەڵكو توركمان و سوننە و كریستیانەكانیش لێی نیگەرانن، چونكە ئێستا دۆخی عێراق جێگیر و ئاسایی نییە، ئەگەر ئەو سەرژمێرییە لە دۆخێكی ئاسایی بكرێت ئێمەش پشتیوانیی دەكەین، چونكە سەرژمێرییەكانی دیكەی عێراق لە دۆخی نائاسایی كراون، بۆیە هیوادارین ئەم سەرژمێرییە لە دۆخێكی ئاساییدا بكرێت.

مەهدی عەلاق راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەپێی ئەو كاتەی دیاری کراوە، كاردەكەین بۆ سەرژمێری عێراقی كە بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا بەڕێوە بچێت و هەمو ئەو بوارانەش لەبەرچاو دەگرین كە هەندێك ناوچە دەبێت مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ بكرێت و بەپێی راسپاردە نێودەوڵەتییەكان كاری لەسەر دەكەین، چونكە ئەو لیژنە ئامادەكارییەی ئێستا كاردەكات، شارەزایانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەگەڵدایە.

خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکدا رای گەیاند، هیچ لارییەکمان لە سەرژمێری گشتی عێراق نییە، بەڵام لەدۆخی ئێستا نیگەرانین و نامانەوێت بەو شێوەیە سەرژمێری بكرێت.

دووپاتی لەوەیش کردەوە، ئەو سەرژمێرییەی هەیە كاریگەری دەبێت لەسەر داهاتوی كاری حكومەتەكانی هەرێم و بەغدا، بۆیە ئەو لیژنەیەی كە كاری سەرژمێرییەكە دەكات دەبێ ئەو مەترسیانە بڕە‌وێنێتەوە و لە هەر ناوچەیەک دانیشتووە رەسەنەکانی ئەو ناوچانە تۆمار بکرێن.

"چاوەڕوانی كۆبونەوەكانی داهاتوی هەولێر و بەغدا دەكەین بۆ ئەوەی بزانرێت ئامادەكارییە لۆجستییەكان چۆن دەبن و دواتر بە راپۆرتێك دەخرێتە بەردەم هەردوو حكوومەت و بڕیاری لەسەر دەدەن" خالید شوانی وای گوت.

هەر لەو کۆنگرە هاوبەشەدا زیا عەواد سەرۆكی دەستەی ئاماری عێراقی ئاشکرای کرد، بنەما گشتییەكانی سەرژمێری داڕێژراون و هەمومان بەیەكەوە بەپێوەرە نێودەوڵەتییەكان کار دەکەین و پێوەندی تەواومان لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێم و وەزارەتی پلاندانانی هەرێم هەیە.



وشە - هیدایه‌ت جان