نەتانیاهۆ داوای پێكهێنانی حكوومەتی هاوبەش لە ركابەرەكەی دەكات

بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل
:: PM:01:45:19/09/2019 ‌
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەیتوانی زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و لەگەڵ بینی گانتس ركابەرەكەی بە یەكسانی كورسییەكانی پەرلەمانیان دابەش كرد، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل داوای پێكهێنانی حكوومەتی هاوبەش لە ركابەركەی دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئەیلوول، لە هەڵوێستێكی نزیك لە خۆبەدەستەوەدان، دوای شكستی لە بردنەوەی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان، بنیامین نەتانیاهۆ داوا لە بینی گانتسی ركابەری دەكات حكوومەتی هاوبەش پێكبهێنن.

نەتانیاهۆ لە پەیامە ڤیدیۆییەكەیدا نایشارێتەوە كە ویستی هەبووە حكوومەتێكی هاوپەیمانی راستڕەو پێكبهێنێت، بەڵام دەرئەنجامی هەڵبژاردن دەریخست كە ناتوانێ ئەوە بكات.
 
راپۆرتە هەواڵەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل كە سێشەمی رابردوو 17ـی ئەیلوول ئەنجام درا، دەركەوتووە كە پارتی لیكودی دەسەڵاتدار لەگەڵ پارتی شین و سپی ركابەری، دەنگەكانیان بە نیوەی دابەش كردووە و كەسیان براوەی هەڵبژارنەكە نەبوون.

نەتانیاهۆ كە ماوەی 13 ساڵە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلە، لە هەڵبژاردنی پێشتردا ئەگەرچی زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێنا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لە پێكهێنانی حكوومەتی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكانی تر، ئەمەش ناچاری كرد كە هەڵبژاردن دووبارە بكەنەوە كە ئەمجارە هاوكێشەكە تەواو پێچەوانە بووەوە و ركابەرەكەی دەنگەكانی زیاتر كرد، بە جۆرێك نەتانیاهۆ ناتوانێت بە تەنیا و بە هاوپەیمانیش لەگەڵ لایەنە نزیكەكان لە حزبی لیكود، حكوومەتی هاوپەیمانی پێكبهێنێت.

نەتانیاهۆ گوتی "لە ئەمڕۆوە داوا لە گانتس دەكەم بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكگرتووی بنكەفراوان".

بینی گانتس سەركردەی پارتی شین و سپی كە رەوتێكی میانڕەوە، تا ئێستە وەڵامی داخوازییەكەی بنیامین نەتانیاهۆی نەداوەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا پاش راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی، گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی ئیسرائیل سەرەداوەكانی دەربكەون كە بە چ ئاراستەیەك هەنگاو هەڵدەگرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە چاودێران پێیان وایە گفتوگۆكان درێژە دەكێشن بەهۆی دووری ئاراستەی سیاسی هەردوو حزب لە یەكتر.


وشە - فه‌رمان سادق