نەتەوە یەكگرتووەكان: لایەنەكانی سووریا لەسەر پێكهێنانی لیژنەی دەستووری گەیشتنە رێككەوتن

ئەنتۆنیۆ گۆتێرچ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان
:: PM:02:18:19/09/2019 ‌
ئەنتۆنیۆ گۆتێرچ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند، لایەنە سوورییەكان گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكردنی نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ بۆ وڵات. گۆتێرچ دەڵێ، ئەوە هەنگاوێكی گرنگە بۆ زەوینەسازی چارەسەری سیاسی لە سووریا.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ی ئەیلوول، ئەنتۆنیۆ گۆتێرچ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، لایەنەكانی سووریا گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوورێكی نوێ، ئەمەش هەنگاوێكری گرنگ و دەلیچەیەكی بنەڕەتییە بۆ پرۆسەی سیاسی بە مەبەستی چارەسەری ململانێیەكانی ئەو وڵاتە كە زیاتر لە هەشت ساڵە بەردەوامی هەیە.

گوتێرچ لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا كە لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆڕك ئەنجامی دا، ئاماژەی بەوەدا كە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ لایەنەكانی سووریا بڕیار لەسەر پرسەكانی پێوەند بە تایبەتمەندییەكان دەدات.

پێوەند بەو پرسە، رۆژنامەی (وەتەن)ـی نزیك لە دەسەڵاتی رژێمی ئەسەد رای گەیاند، رۆژی یەكشەمی دادێ، گیر پیدرسن نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی دیمەشق دەكات و لەگەڵ وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سووریا كۆ دەبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چۆنیەتی دەستبەكاربوونی لیژنەی دەستووری.

چاوەڕوان دەكرێت نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 30ـی ئەم مانگە، لیژنەی نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ بۆ سووریا لە كۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان رابگەیەنێت كە چاوەڕوان دەكرێت لە 150 ئەندام پێكبێت، لەم ژمارەیەدا 50یان لەلایەن رژێمی دەستنیشان دەكرێت و 50ش لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و 50یەكەی تریش لەلایەن نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستنیشان دەكرێن كە خۆیان لە شارەزایان و نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەبینێتەوە.


وشە - فه‌رمان سادق