لە ماوەکانی رابردوو و تا ئێسته‌یش بەردەوامە، ئافرەتان کە دەوترێت نیوەی کۆمەڵگه‌ن، لە حزبە سیاسییەکان دووردەکەونەوە، ئه‌مه‌ش لە کاتێکدایە دەستبەرداربوون لە حزب لە حاڵەتەوە بەرەو دیاردە دەچێت. ئێڤار ئیبراهیم ده‌ڵێ، ئافرەتان نەیانتوانیوە بۆ داکۆکی لە ماف و پێگەی خۆیان یەکدەنگ و یەکگرتوو بن.
بابه‌تی كه‌میی ڕێژه‌ی ئافره‌تان له كایه‌ی سیاسی‌دا، گرفتێك نییه ته‌نیا ڕووی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كردبێت، به‌ڵكو له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی دنیا به هه‌مان شێوه‌یه. له‌سه‌ر ئه‌م گرفته‌ش له‌لایه‌ن پسپۆڕانه‌وه ڕای جیاواز هه‌یه و هه‌ندێك له سۆسیۆلیژییهكان پێیان وایه، ئه‌وه هه‌ر گرفت نییه و شتێكی ئاسایییه كه ڕه‌گه‌زی مێ كه‌متر به‌لای سیاسه‌تدا بچێ، چونكه پێوه‌ستی به بناغه‌ی دروستبوونی كه‌سه‌كانه‌وه هه‌یه له‌ڕووی ڕه‌گه‌زه‌وه. هه‌ندێكی تریش ئه‌وه به ته‌واوی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر هه‌له‌كانی به یه‌كسانی له نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زدا دابه‌ش بكرێن، ئه‌وا خانمان ده‌توانن له كاریگه‌رترین پێگه‌ی سیاسی‌دا ڕۆڵ بگێڕن.
"وشه" هه‌وڵ ده‌دات له‌ڕێی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی بواری سیاسه‌ت له كوردستان، گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكات و ڕای ئافره‌تانی كورد له‌و باره‌یه‌وه بزانێ.
ئێڤار ئیبراهیم، ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامی پێشكه‌وتوو له بزووتنەوەی گۆڕان، پاش تەواوکردنی خوولی په‌رله‌مان و دوای 26 ساڵ لە کاری سیاسی و حزبایەتی، لە ناوەڕاستی ساڵی 2019، وازهێنانی خۆی خۆی لە کاری حزبایەتی پێشکەش کرد و ئێسته سەرقاڵی بازرگانییە. لەبارەی هۆکاری وازهێنانی ئافرەتان له كاری سیاسی، بە "وشە"ی راگەیاند، زۆربەی حزبە سیاسییەکان ناتوانن خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی بکەن، لە ناوەندەکانی بڕیار کەمتیرن کات بەشداریی بە ئافرەتان دەکرێت و زۆر بەکەمی گوێ لە پێشنیارەکانیان دەگیرێت، لە هیچ دانوستان و شاندێكیشدا بەشدارییان پێ ناکرێت".
ئه‌وه‌شی گوت، هۆكاری ئه‌م په‌راوێزخستنه دوولایه‌نه‌یه، بەشێکیان پێوەندی بە پیاوانەوە هەیە، بەشەکەی دیکە پێوەندی بە خودی ئافرەتان خۆیانه‌وه‌یه کە نەیانتوانیووە بۆ داکۆکی لە ماف و پێگەی خۆیان، یەکدەنگ و یەکگرتوو بن.
سه‌باره‌ت به هۆكاری وازهێنانی له كایه‌ی سیاسی، گوتی، هەر تاکێک ئازادە بیەوێت لە کایەی حزبایەتی کار بکات یان نا، من تا ئەو کاتەی لەگەڵ حزبەکەم کارم دەکرد، باوڕی تەواوم پێی بوو، بەڵام ئێستا باوڕم بە حزبە سیاسییەکان نەماوە بەتایبەت ئەو حزبەی کە وازم لێ هێناوە. مەرج نییە بتوانین تەنیا لە رێی حزبایەتییەوە خزمەت بکەین، دەتوانن سیاسیی سەربەخۆ بین و له پرسەکانی ژنان و گەنجاندا کار بکەن.
شیلان نووری، نزیکەی 20 ساڵە کاری ڕیکخراوەیی و سیاسەت دەکات، دوا وێستگەی کاری ئەم خانمە حزبی هاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری بوو، هۆکاری دوورکەوتنەوەی لە سیاسەت دەبەستێتەوە بە چەند پرسێکەوە و ده‌ڵێ، ئاستی سیاسەتکردن لە هەرێمی کوردستان لەلایەن بەشێک لە حزبەکانەوە، تەنیا دیوە ناشرینەکەی پێڕەو دەکرێت کە ئەویش درۆیەکی گەورەیە و ئافرەتان بە ئەستەم بەرگەی دەگرن. حزب لای ئێمە، كاتێك خۆی ده‌گرێ و گەورە ده‌بێ، بە بنەماڵەیی دەکرێت، ئافرەتان تەنیا وەک ماکیاج بۆ جوانکردنی حزبەکانیان بەكاریان دەهێنن.
ئه‌و پێی وایه، زه‌حمه‌ته ئافرەتان بتوانن هەمەکار بن، لە یەک کاتدا دایک، کابان، باوک و سیاسیش بن. ڕاستە چەند ساڵێک دەتوانیت بەرگە بگریت بەڵام لە شوێنێکدا دەبێت بوەستیت کە ئەمەش هۆکارەکەی خێزانییە زیاتر لە خودی حزبەکان.
گەشە دارا، زیاتر لە 20 ساڵ کاری حزبایەتی كردووه و جێگری یەکەمی مەڵبەندی 21ی یەکێتی بووه لە سلێمانی و لە خوولی سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتار بووه. ئێسته بەشێوەیەکی هێمن لەو حزبە دابڕاوە و هۆکاری وازهێنانی ئافرەتان بەم شێوەیە بۆ "وشە" باس دەکات: لە هەرێمی کوردستان، ژینگەیەکی لەبار نییە بۆ ئافرەتان تا کاری حزبایەتی و سیاسەتی تێدا بكه‌ن، چونکە دەرئەنجامی هیچ کارێک بەباشی نابینرێت و وا دەزانن حزبایەتی کارێکی پیاوانەیە.
هۆكارێكی تریش باس ده‌كات و ده‌ڵێ، ئەو شوێنانەی باڵ باڵێنی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کەسییە زیاتر ئافرەتەکان بێهیوا دەکات و نا‌توانیت پشتگیری لە کەس بکەیت و هەر ڕۆژە و ناو ناتۆرە و کۆمەڵێک قسەت دوا دەخەن بەوەی دەڵێن ئەمە باڵی کاک فڵانە. هەندیک جاریش خودی کەسەکە ئافرەت بێت یان پیاو لە قۆناغێک هیلاک دەبێت و لەویستگەیەک دەوەستیت و دەڵێت ئیتر ناتوانم بەردەوام بم، بەڵام نوێبونەوە پێویستی بە بەردەوامی هەیە و با ئافرەتانی تر بێنە پێشەوە.
وشه/ ڕه‌وه‌ز ساڵح