جۆر و ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە ئاشكرابوو تەقەی لە لقی پارتی كرد

:: PM:01:54:20/09/2019 ‌
بەرپرسێكی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی ئاشكرای دەكات لە كامێراكانی چاودێری جۆر و ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە دەركەوتووە شەوی ڕابردوو تەقەی لە لق كرد.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی ئەیلوول، كامەران غەریب كارگێری لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە، تەقەكانی شەوی ڕابردوو سەعات 12 و 27خولەكی شەو بوو لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی جۆری فورد قەمەرە رەنگی رەش گەیشتە بەردەم بارەگای لقی چواری پارتی و دەسترێژی لە بارەگاكەمان كردووە و بە خۆشحاڵیەوە زیانی گیانی نەبووە و پاسەوانەكانی لقیش وەڵامی تەقەكەرەكانیان داوەتەوە. 

ئاشكرای كردووە، ئەو شوێنە كامێرای لێیە و ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەش دەركەوتووە و ئێمەش لایەنە تەناهییەكان و پۆلیسی سلێمانیمان لەو رووداوە ئاگەدار كردۆتەوە. 

باسی لەوەش كردووە، تا ئێستە پۆلیس و ئاسایش هەڵوێستی فەرمیان نییە و لێكۆڵینەوەكان لە قۆناغی سەرەتاییدان و بەر‌دەوامن. 

شەوی ڕابردوو لە شاری سلێمانی، هێزێكی نەناسراو هەڵدەكوتنە سەر لقی پارتی لە شارەكە و گولەڕێژی دەكەن و دەڕۆن.

سەرچاوەیەكی تایبەت لەناو لقی چواری پارتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمشەو/ پێنجشەم لەسەر هەینی (19ی ئەیلوول)، دوو ئۆتۆمبێلی نەناسراو، هەڵدەكوتنە سەر بارەگەی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان و گولەڕێژی بارەگاكە دەكەن و بەخێرایی دەڕۆن.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، خۆشبەختانە بەهۆی ئەوەی دڕەنگی شەو بووە، هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و لە داهاتوودا زیانە مادییەكان ئاشكرا دەكەین.

ئەم ڕووداوە، دوابەدوای ڕووداوەكەی مەحموود سەنگاوی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی دێت لە نزیك بازگەی هەولێر.

سەرچاوەكەی ناو لقی چواری پارتی، بەدووری زانی ناوبراو پێوەندی بەو ڕووداوەوە هەبێت و گوتی، بەڕێز مەحموود سەنگاوی كەسێكی سیاسیی بە ئەزموونە و كاری نایاسیی بەرانبەر ئەو ڕێوشوێنە یاسایییەی لەگەڵ كراوە، ناكات.



وشە - رامیار جەواد