یەكپۆشی گەورەترین كێشەی ساڵانەی چارەسەر كرد

:: AM:09:23:21/09/2019 ‌

قوتابخانە هەیە هێشتا بنمیچەكەی قوڕە و بە كەڵكی خوێندن نایەت بەڵام سیستمی خوێندنەكەی سویدییە.



لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام قوتابخانەكان نۆژەن دەكاتەوە و قوتابخانەی نوێ دروست دەكات، بەڵام تەنگژەی دارایی چوار ساڵی رابردوو، هەروەها دینامیكی پرۆسەی پەروەردە هۆكارە لە مانەوەی سێ دەوامی لە زۆر قوتابخانەدا. بەڕێوەبەرانی پەروەردەی شارەكان داوای بە پەلە نۆژەنكردنەوەی بەشێكی زۆری قوتابخانەكان دەكەن.

بەپێی بەدواداچوونێكی پەیامنێرانی "وشە" بە پشتبەستن بە ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەكانی كوردستان، بۆ ساڵی خوێندنی 2019- 2020، 115 هەزار 239 مامۆستا وانە بە ملیۆنێك و 720 هەزار و 976 قوتابی لە حەوت هەزار و 613 قوتابخانەی حكوومی و ئەهلی لە باخچەی ساوایان تا ئامادەیی دەڵێنەوە. 

ئەوەی بەڕێوەبەرانی پەروەردەی شارەكانی زۆر دڵخۆش كردووە، بڕیاری یەكپۆشی وەزارەتی پەروەردەیە كە وەك خۆیان دەڵێن، كێشەیەكی گەورەی ساڵانەی چارەسەر كردووە، بەڵام داوای بە پەلە نۆژەنكردنەوەی سەتان قوتابخانە دەكەن.

پەیامنێرانی "وشە" ئاشكرای دەكەن، تەنگژەی دارایی چوار ساڵی رابردوو، رێگر بووە لە نۆژەنكردنەوەی سەتان قوتابخانە و دروستكردنی سەتانی تر، ئەمەش لە سنووری پەروەردەكان گرفتی دروست كردووە و قوتابخانە هەیە هێشتا بنمیچەكەی قوڕە و بە كەڵكی خوێندن نایەت، بەڵام دەگوترێ سیستم سویدییە.

لە سنووری پارێزگای دهۆك، بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی و 10 بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی تر هەن. لەو سنوورە هەزار و 604 ناوەندی خوێندنی پەروەردەیی هەن، 61 باخچەی ساوایان، هەزار و 252 قوتابخانەی بنەڕەتی، 255 قوتابخانەی ئامادەیی، 15 قوتابخانەی دواناوەندی، حەوت پەیمانگە و نۆ قوتابخانەی خوێندنی خێرا دروست كراون كە 93%ـیان دوو دەوامی و سێ دەوامین. 

لە بەرنامەی حكوومەتدایە 237 قوتابخانە لە چوار ساڵی داهاتوو لەو سنوورە دروست بكات. هاوكاتی ئەوانە، 16 باخچەی ساوایان، 14 قوتابخانەی بنەڕەتی، حەوت قوتابخانەی ئامادەی و نۆ پەیمانگە لە سنووری پارێزگای دهۆك سەر بە كەرتی تایبەتن. 

هەر لە سنووری پارێزگای دهۆك 27 كەمپی ئاوارە و پەنابەر هەن كە قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەییان تێدایە و 736 مامۆستا وانە بە 29 هەزار و 823 قوتابی ئاوارەی شارەكانی تری عێراق دەڵێنەوە، هەروەها 209 مامۆستا وانە بە 12 هەزار و 832 قوتابی پەنابەری رۆژئاوا و سووریا دەڵێنەوە.
نەوزاد هلووری پەیامنێری "وشە" لە دهۆك دەڵێ، لەو پارێزگایە 26 هەزار و 627 مامۆستای هەمیشەیی و هەزار و 311 مامۆستای گرێبەست هەن كە وانە بە 489 هەزار قوتابی دەڵێنەوە.

ئەحمەد زوبێر بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك بە"وشە"ی گوت، 21ـی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندن دەست پێ دەكات و ئێمەیش بەردەوامی بە بڕیاری یەكپۆشی جلوبەرگ دەدەین.

لای خۆیەوە سەبری هۆرێنی پەیامنێری "وشە" لە كەلار رای گەیاند، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان كە پەروەردەكانی كەلار و كفری و بەشێك لە پەروەردەی خانەقین دەگرێتەوە، زیاتر لە 400 قوتابخانە هەن، تێیاندا نۆ هەزار مامۆستا وانە بە 90 هەزار قوتابی دەڵێنەوە.

دارا ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، بە"وشە"ی راگەیاند، بەشێكی بەرچاوی قوتابخانەكانی گەرمیان دوو دەوامی تێدا دەكرێت، لە هەندێكیشیان سێ دەوام هەیە. زیاتر گوتی "هۆی مانەوەی سێ دەوامی و دوو دەوامی بۆ مانەوەی ئاوارەكان دەگەڕێتەوە، جگە لەمەش بەهۆی تەنگژەی داراییەوە چەند ساڵێكە پڕۆژەی دروستكردنی قوتابخانە وەستاوە". 

بەپێی بەدواداچوونی "وشە"، مانەوە و چارەسەر نەكردنی گرفتە پەروەردەییەكان، لەو سنوورە وایكردووە خەڵك منداڵەكانیان بخەنە باخچە و قوتابخانە ئەهلییەكان.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 129 باخچەی ساوایان و دوو هەزار و 216 قوتابخانەی بنەڕەتی و 270 قوتابخانەی ئامادەیی هەن، هاوكات 42 باخچەی ساوایان، 42 قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی ئەهلی و 12 پەیمانگە هەن. جگە لەمانەیش، حەوت قوتابخانە بۆ ئاوارەكان و 11 قوتابخانەیش بۆ پەنابەران هەن.

هەستیار عەبدوڵا پەیامنێری "وشە" دەڵێ، هەزار و 270 قوتابخانە یەك دەوامیان تێدا دەكرێت، 436ـیان دوو دەوامی و 20ـیان سێ دەوامین كە تێیاندا 470 هەزار خوێندكار لەلایەن زیاتر لە 31 هەزار و 500 مامۆستا وانەیان پێ دەگوترێتەوە.

مەریوان عومەر گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی، بە"وشە"ی راگەیاند، بۆ ئەمساڵ 26 هەزار منداڵ لە باخچەی ساوایان وەرگیراون. 

ئاماژەی دا "لە ساڵی 2014وە بڕیاری دروستكردنی 48 قوتابخانە درا، ئەمساڵ بڕیارە 26ـیان تەواو بن و ئەوەی تریش بودجەی بۆ تەرخان نەكراوە و ئیشكردن تێیاندا راگیراوە. جگە لەمە، ژمارەیەكی زۆر قوتابخانە نۆژەن نەكراوەتەوە و لیستێك ئامادە كراوە تا رەوانەی وەزارەت بكرێ بۆ نۆژەنكردنەوەیان".

بەڵام شەفیق بانیشاری پەیامنێری "وشە" لە هەڵەبجە ئەوە دەخاتە ڕوو كە رەوشی پەروەردە بەگشتی لە سنووری هەڵەبجە "زۆرباشە" بەڵام زۆرینەی قوتابخانەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە. 

لەو سنوورە 112 قوتابخانەی بنەڕەتی و 11 باخچەی ساوایان هەن، هاوكات یەك قوتابخانەی ئەهلی و دوو باخچەی ساوایانی ئەهلی هەن.

ئاراس محەمەد بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری بنەڕەتی، بە"وشە" دەڵێ، هەموو قوتابخانەكانی سنووری هەڵەبجە دوو دەوامین، تەنیا دوو سێ قوتابخانە هەن سێ دەوامین، بەڵام كێشەی میلاكمان نییە، تەنانەت میلاكمان لە پێویستی خۆمان زیاترە و سێ هەزار و 300 مامۆستا وانە بە قوتابیانی بنەڕەتی دەڵێنەوە".

پەیامنێری "وشە" ئەوەش دەڵێ، تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناو هەڵەبجە چوار هەزار و 817 مامۆستا لە 142 قوتابخانەی بنەڕەتی و 18 قوتابخانەی ئامادەیی وانە بە 27 هەزار قوتابی دەڵێنەوە.

لە سنووری شارۆكەی سۆران 10 باخچەی ساوایان و 265ـی بنەڕەتی و ئامادەیی هەن، 57 هەزار قوتابی لەلایەن سێ هەزار و 544 مامۆستای هەمیشەیی و 376 مامۆستای گرێبەست وانەیان پێ دەگوترێتەوە، هاوكات زیاتر لە دوو هەزار قوتابی لە 22 قوتابخانەی ئەهلی دەخوێنن.

عەزیز سەعید بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران بە مورشید برادۆستی پەیامنێری "وشە"ی راگەیاند، كەمی میلاك كێشەی سەرەكییە لە پەروەردەی سۆران كە بۆ چارەسەری پێویستمان بە 700 مامۆستا هەیە لە وانە زانستییەكان، جگە لەمە نەبوونی باڵەخانە و كۆنی و خراپی ئەوانەی هەن، یەكێكی ترە لە كێشەكان، بۆ چارەسەری زۆری قوتابیش لە پۆلدا پێویستمان بە 80 قوتابخانە هەیە.

پەیامنێری "وشە" دەڵێ، لە سنووری سۆران هیچ قوتابخانەیەك نییە سێ دەوامی بێت، لەو 265 قوتابخانەیە، 200ـیان دوو دەوامین و دوو قوتابخانە و باخچەیەكی ساوایان بە زمانی سریانی بۆ مەسیحییەكان كراونەتەوە.

بەقسەی عەزیز سەعید كێشەی باڵەخانەی قوتابخانەكان كێشەیەكی گەورەی سنووری سۆرانە، 19 قوتابخانە لە سیدەكان و خەلیفان بنمیچیان خۆڵە و كەڵكی خوێندنیان تێدا نەماوە، پێنج قوتابخانەیش لەناو كابینەن و 75 قوتابخانەی تریش پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەی خێرا هەیە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی زریان تەها، لە سنووری پارێزگای هەولێردا دوو هەزار و 159 قوتابخانە هەن، لەم ژمارەیە 165 باخچەی ساوایان و هەزار و 565 قوتابخانەی بنەڕەتی و 221 قوتابخانەی ئامادەیی و 180 دواناوەندی و 11 قوتابخانەی پیشەیی و هەشت پەیمانگە و نۆ خوێندنی خێرا هەن، كە تێیاندا 37 هەزار و 653 مامۆستا وانە بە 537 هەزار و 321 قوتابی لە سەرجەم قۆناغەكان دەڵێنەوە.

هەر لە سنووری پارێزگای هەولێر، 224 قوتابخانەی ئەهلی هەن كە 85ـیان باخچەی ساوایان و 76ـیان قوتابخانەی بنەڕەتی و 40ـیان قوتابخانەی ئامادەیی و دووانیان دواناوەندی و 21 پەیمانگە هەن، كە چوار هەزار و 386 مامۆستا وانە بە 30 هەزار و 951 قوتابی دەڵێنەوە.

زریان تەها نێردراوی "وشە" دەڵێ، لە سنووری هەولێر، هەزار و 636 قوتابخانە یەك دەوامین و 523 قوتابخانەی دوو دەوامی هەن و هیچ قوتابخانەیەك نییە سێ دەوامی بێت.

سەرەڕای ئەوەی پەیامنێری "وشە" بە هاوئاهەنگی چووە ناو پەروەردەی گشتیی هەولێر و دواتر داوای نووسراوی لێ كراو بۆی رەوانە كرا، بەڵام بەهۆی ئامادە نەبوونی بەڕێوەبەر و جێگر و بەرپرسانی بەشەكان لە دەوام، دوای سێ سەعات مانەوە لەناو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر، سەردانیكردنی هەموو بەشەكان، هیچ فەرمانبەرێك ئامادە نەبوو زانیاری لەسەر كێشە و كەموكوڕییەكان بدات.

بەڕێوەبەر و جێگر و بەرپرسانی بەشەكان رێیان بە هیچ كەسێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكە نەداوە بۆ وەڵامدانەوەی رۆژنامەنووسان، تەنانەت ئامادە نەبوون زانیاری بە فەرمانبەری بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەكەی خۆیشیان بدەن، بەتایبەت پرسی ئەوەی كە چەند قوتابخانە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە و چەند قوتابخانە لە ژێر دروستكردندان، هەروەها هەڵوێستیان لەبارەی بڕیاری یەكپۆشی وەزارەتی پەروەردە. لە كاتێكدا پەروەردە كەرتێكی خزمەتگوزارییە و هیچ نهێنییەك لەو زانیارییانەدا نییە.

وشە/بەدواداچوون پەیامنێرانی وشە


*
"لە پەروەردەی سۆران بۆ چارەسەری پێویستمان بە 700 مامۆستا هەیە لە وانە زانستییەكان"
*
لە سنووری هەولێر، هەزار و 636 قوتابخانە یەك دەوامین و 523 قوتابخانەی دوو دەوامی هەن.
*

 



وشە - فه‌رمان سادق