ژیان مۆبێرك بە 51 ساڵی و 20 ساڵ كاری مۆدێل هێشتا بێ نەشتەرگەری جوانە

:: AM:09:28:21/09/2019 ‌
رەخنەی لە رێكخەرانی هەفتەی نمایشی جلوبەرگ لە هەولێر هەیە


ژیان مۆبێرك /51 ساڵ/ ئەكتەر و مۆدێل كە وەك گەنجێكی 30 ساڵان دەردەكەوێت بێ ئەوەی هیچ نەشتەرگەرییەكی جوانكاریی كردبێت. ئەو لەم دیمانەیەی "وشە"دا ئاشكرای دەكات كە‌ زیاتر لە 33 ساڵە كاری مۆدێل دەكات. وەك ئەكتەریش لە فیلمێك ڕۆڵی هەبووە و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا لە دوو فیلمی تر بەشداری دەكات.

ژیان كێیە؟

من ژیان مۆبێرك و لە ساڵی 1968 لە گەڕەكی ئیبراهیم پاشا لە سلێمانی لە دایك بووم، دەرچووی بەشی هونەریم لە پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان.

سەرەتای دەركەوتنت لە كاری مۆدێل بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

دەستپێكی كارەكانم وەك مۆدێل دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1986 كە بەشداریم كرد لە نمایشی جلوبەرگ لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی، بەڵام بە فەرمی ساڵی 2000 لە كۆبن هاگن وەك مۆدێل بۆ دیزاینەرێكی دانیماركی بەناوی "بالسینی" دەستم بە كاری مۆدێل كرد و لەو كارەمدا پۆشاكی بووكێنیم خستە ڕوو.

ساڵی 2018 بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان گەورەترین فێستیڤاڵی تایبەت بە نمایشی جلوبەرگ لە هەولێر بەڕێوە چوو، بەشداریت تێدا كرد؟

بەشداری هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستانم لە شاری هەولێر نەكرد، لەم باوەڕەشدا نیم ئەمساڵیش بەشداری تێدا بكەم كە دەنگۆی ئەوە هەیە بەهەمانشێوەی ساڵی ڕابردوو لە هەولێر ئەنجام بدرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەوانەی هەڵدەستن بە بەڕێوەبردنی ئەم كارانە، جا چ فێستیڤاڵی تایبەت بە فاشیۆن یان فیلم و یاخۆ هەر جۆرە فێستیڤاڵێكی تر بێت، بەداخەوە زیاتر گرنگی دەدەن بە بەهرە و هونەری بێگانە نەك بەهرە و هونەری كوردی.

بەهۆی ئەوەی چەندان ساڵە لە ئەوروپا ژیان بەسەر دەبەیت و كاری نمایشی جلوبەرگت زۆر كردووە، تا چەند ئامادەی نمایش بۆ ئەو جلوبەرگانە بكەی كە لە كۆمەڵگەدا قبووڵكراو نین؟

هەرچەندە تا ئێستە هیچ گرێبەست و كارێكی لەم جۆرەم بۆ نەهاتووەتە پێش، بەڵام بۆچوونم وایە ئەو جۆرە پۆشاكانە هەر وەك جلوبەرگ و پێویستییەكانی ترە، هیوادارم وەك چێژ و مەرامێكی تر سەیری نەكەین، لە بواری فاشیۆنیش تەنیا بۆ نیشاندانی شێواز و جۆرەكەیەتی، بۆیە ئەگەر ئەم جۆرە داواكارییانەم بۆ بێتە پێش بە وردی بیری لێ دەكەمەوە. 

هۆی مانەوەی جوانی و گەنجێتیت‌ بۆچی دەگەڕێتەوە؟‌ 

هەرچەندە تەمەنم 51 ساڵ بەسەرەوەیە، بەڵام بڕوابوون بە خۆم و گوێ نەدان بە توانجی كۆمەڵگە، هۆی مانەوەمە بە گەنجی، هەروەها تا ئێستە بۆتۆكس و فیلەر و نەشتەرگەری جوانكاریم نەكردووە و ناشیكەم.

لە فیلم و دراما ڕۆڵت بینیوە؟

بەشداری یەك فیلمی سینەماییم كردووە، بەڵام ئێستە ئامادەكاری دەكەین بۆ بەرهەمهێنانی دوو فیلمی تر و كاری وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی‌. هەروەها یەكەم فیلم كە ڕۆڵم تێدا بینی بە ناوی "لێت دەگەڕێم بڕۆیت" ڕۆڵی سەرەكیم تێدا هەبوو. هاوكات هەر ئەو فیلمە بۆ یەكەم جار لە گەورەترین سینەمای لەندەن بەناوی "مای ڤیو لە ئینجیل" نمایش كرا.

لە كاتی نواندندا ئامادەی ببیتە یەكەم ژنی ڕچكەشكێنی كورد و بەشێوەی ورووژێنەر بەشداری كاری نواندنەكە بكەیت؟

لە كاتی نواندندا ئەكتەر بیر لەوە ناكاتەوە كە گرتەكە ورووژێنەر یان شتی ترە، تەنیا بۆ تەواوكردن و مانادان بە دەق، بینەر زۆر كات لای خۆیەوە بڕیار دەدات، من خۆم زیاتر بیر لە ناوەڕۆك و پەیام دەكەمەوە، ئاساییە لەپێناو كارێكی جوان هەموو رۆڵێك بەرجەستە بكەم كە باوەڕم پێی هەبێت، لێرەشەوە پەیامم بۆ ژنانی كوردستان ئەوەیە كە هونەر بریتییە لە بڕوابوون بە خۆت و قوربانیدان لە پێناویدا.

پڕۆژەی نوێت لە بواری نواندن لە بەردەستە؟

بەڵێ دوو فیلمم بەدەستەوەیە بەناوەكانی "زەینەب" و "كۆچەر"، بەمنزیكانە دەست پێ دەكەین. هەروەها كارێكی زۆر نوێم هاتووەتە بەردەست كە بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان دەكرێت، ئەگەر سپۆنسەر بۆ ئەم كارە بدۆزینەوە، بەمزووانە دەستبەكار دەبین، ئەویش 30 زنجیرەی درامایە بۆ ڕەمەزان كە بە زمانی كوردی و عەرەبی دەبێت، بەرهەمەكە لە داڕشتن و دەرهێنانی هونەرمەند و ئاوازدانەری عێراقی "ناسر ئەلحەربی"یە، جا لەوانەیە هەر بۆ كاری سپۆنسەری و پاڵپشتییەكەی بگەڕێینەوە كوردستان و هیوادارم بێ هیوا نەكرێین.

وەك میدیاكار لە كام دەزگە كار دەكەی؟

وەك میدیاكار لە كەناڵێكی تایبەت كارم نەكردووە، بەڵكو وەك پێشكەشكاری ئاهەنگەكان و كۆنسێرت و ئێوارانی ڕۆشنبیری لە هەموو ئەوروپا كارم كردووە، هەروەها لە گۆڤاری نەنار لە سوێد و لە كورد ڕادیۆ وەك پێشكەشكار كارم كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام ناتوانم كاری پێشكەشكاری بكەم، بەڵكو بەپێی كاتەكانم كار دەكەم، چونكە كاتەكانم هەمیشە پڕن بە چالاكی هونەری.



وشە/دیمانەی محەمەد جەمال

















وشە - وشه‌