كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان دواخرا

:: AM:10:17:21/09/2019 ‌
بڕیار بوو ئەمڕۆ لە هەولێر كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی شاری كەركووك بەڕێوە بچێت و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی لیستی هاوبەش بكەن، بەڵام كۆبوونەوەكە دواخرا.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی ئەیلوول، شۆڕش سەعید سەرۆكی بۆردی ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو بەرنامەیەی هەبوو بڕیار بوو لە شاری هەولێر كۆبوونەوەی سەرجەم حزبەكان بەڕێوە بچێت بۆ پێكهێنانی یەك لیستی لایەن سیاسییەكان لە هەڵبژاردنی نیسانی ساڵی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

ئاشكرای كرد، كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نەزانراو دواخراوە و ئەگەر بكرایە بڕیاربوو سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئاستی مەكتەب سیاسی بەشداری بكەن.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بەچەندان ئەندامی ڕاسپێردراو بۆ كۆبوونەوەكە كرد، وەڵامی پێوەندییەكەیان نەدایەوە.

 ئەو كۆبوونەوەیەی لایەنە سیاسییەكان بە مەبەستی دروستكردنی لیستێكی هاوبەشە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، هەرچەندە حزبێك لەو یەكلیستییە كشاوەتەوە چاوەڕوانی كشانەوەی حزبی تریش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد