گوتەبێژی پارتی پەیامێكی بڵاو كردەوە

:: PM:01:19:21/09/2019 ‌
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و داواش لە ڕاگەیەندنەكان دەكات رۆڵی گرنگ بگێڕن لە هۆشیاركردنەوەی تاكی كورد بەرانبەر بە مافە ڕەواكانی و بنیاتنانی كەسایەتییەكی ئاگەدار لە بارودۆخی كۆمەڵگا و سیاسەت.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی ئەیلوول، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دنیای ئەمڕۆ ئاڵۆزە و بە گۆڕانكاریی خێرا و گەورەدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ململانێكان تادێت ئاڵۆزتر دەبن و تەواوی ڕەهەندەكانی ژیانیان گرتووەتەوە.

گوتەبێژی پارتی ئاشكرای كرد، میلەتی كوردیش وەك هەر میلەتێكی تری زیندووی سەر زەوی، پێویستە خوێندنەوەی ڕوون و تێڕوانینی جیهانیی هەبێت بۆ ڕووداوەكان و گۆڕانكاری و ململانێ ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەكان. ڕاگەیاندنیش بە تەواوی پێناسە و هەڵسەنگاندنەكان، یەكێكە لە خێراترین و كاریگەرترین كەرەستەكانی زاڵبوون بەسەر سنوورەكان و پەڕینەوە لە لۆكاڵییەوە بۆ بەجیهانیبوون.

باسی لەوەش كرد پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزێكی ڕەسەنی سیاسی و كۆمەڵایەتی و هزری نەتەوەیی، لە یەكەم ساتەوەختی دامەزراندنییەوە ئەو ڕۆڵە گرنگەی لە بەرچاو گرتووە كە ڕاگەیاندن و كەرەستەكانی ڕاگەیاندن دەتوانێ رۆڵی گرنگ بگێڕیت لە هۆشیاركردنەوەی تاكی كورد بەرانبەر بە مافە ڕەواكانی، هەروەها بونیادنانی كەسایەتییەكی ئاگەدار لە بارودۆخی كۆمەڵگا و سیاسەت و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی جیهانی. ئەمە جگەلەوەی كە ڕاگەیاندن هۆكارێكی بەهێزە بۆ گەیاندنی خەون و ئومێد و تێڕوانین و مەزڵوومیەتیی كور بە سەرانسەری دنیا.

ڕوونی كردەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی دەبێت داودەزگاكانی ڕاگەیاندن كار بكەن بۆ هاندانی ڕۆشنبیریی سیاسی و قووڵكردنەوەی كولتووری پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و دەوڵەمەندكردنی فەرهەنگی نەتەوەییمان، نەهێشتنی رەفتار و گوتاری توندوتیژی و دەمارگیریی ناوچەیی و هزری و ئایدۆلۆجی، هەروەها پتەوكردنی بنەماكانی دیموكراسی و بەهاكانی ئازادی تاك و مافەكانی مرۆڤ و بابەتەكانی یەكسانیی جێندەری و پێشاندانی ڕۆڵی بەهاداری ژنان لە پێشخستنی كۆمەڵگا و بونیادنانی كۆمەڵگایەكی تەندروست.

گوتی ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، پێمان وایە لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، ئەركی سەرشانمانە هەست بە بەرپرسیارێتی بكەین بەرانبەر بە ڕاگەیاندن و ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەم قۆناخەی ئێستە و تەواوی توانامان بخەینە گەڕ بۆ تەوژمدان بەو هەوڵانەی كە بۆ یەكدەستی و یەكگرتوویی هەڵوێستە سیاسی و نەتەوەییەكانمان و ئیدارەدانێكی سەردەمی و گونجاوی كوردستان دەدرێن لەپێناو ئاوەدانكرنەوە و ئەنجامدانی چاكسازی و هەنگاونان بەرەوپێشەوە.

ئەو وتانەی وتەبێژی پارتی لە یەكەمین فێستیڤاڵی خانی لە شاری دهۆك، كە ئەمڕۆ ٢١ی٩ی٢٠١٩ بەڕێوە چوو.



وشە - رامیار جەواد