ساڵی ڕابردوو 757 ملیار دینار بەهۆی گەندەڵی بە هەدەر چووە

:: PM:02:22:21/09/2019 ‌
ئەندامێكی داواكاری گشتی رای دەگەیەنێت، لە هەرێمی كوردستان بڕی ئەو پارەیەی لە ساڵی ڕابردوو بە گەندەڵی بە هەدەر چووە، 757 ملیار دینارە و لەو پارەیە شەش ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حكوومەت.

ئەمڕۆ شەموو 21ی ئەیلوول، محەمەد ڕێكانی ئەندامی داواكاری گشتی بە "وشە" راگەیاند، دادگاكان خۆیان ڕۆڵی یەكلاكردنەوە لە كەیسەكان دەبینن لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی بۆیان دێت لە لایەنە پێوەندارەكان لەسەر پرسی گەندەڵی. 

زیاتر روونی دەکاتەوە، لە پرسی گەندەڵی پێویستە لەسەر دادگاكان بە بێلایەنی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكان بكەن و لایەنی جێبەجێكار بڕیارەكانی دادگا وەك خۆی جێبەجێ بكەن.

 "بەپێی ئامارەكانی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2018 بڕی پارەی خەمڵێنراو كە لەڕێی گەندەڵی بە هەدەرچوو، سەرووی 757 ملیار دینارە، لەو بڕە پارە نزیكەی شەش ملیار دینار گەڕێنراوەتەوە خەزینەی گشتی حكوومەت." ئەندامی داواكاری گشتی وای گوت.

محەمەد ڕێكانی دووپاتی دەکاتەوە، لە دەستپێكی كابینەی نوێ کۆمەڵێک بەرپرسی گەندەڵ بە پلەوپایەی جیاواز گیراون، هەیانە بە كەفالەت ئازاد كراوە و هەیانە دۆسیەكەی یەكلای نەبووەتەوە.  

گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان سەرجەم كەرتەكانی داگیر كردووە، هێڵە گشتییەكانی کابینەی نۆیەمی حكوومەت بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پڕۆژەیاساش ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی بەیاسا ڕێگری لە گەندەڵی بكرێت.


وشە - زریان تەها