گەشتی ئاسمانی نێوان ورمێ و هەولێر دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:02:31:21/09/2019 ‌

بەرپرسێكی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرای كرد، بەمزووانە گەشتی ئاسمانی نێوان ورمێ و هەولێر دەست پێ دەكاتەوە.

محەمەد عەلی قەرامەلێكی بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەكانی ورمێ باسی لەوە كردووە كە ئێستە كۆی ژمارەی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی ورمێ 39 گەشتن لە هەفتەیەكدا كە لەوانە 35 گەشتیان بۆ تاران، دوو گەشت بۆ ئیستانبوڵ و دوو گەشتیش بۆ مەشهەدە و بڕیارە بەمنزیكانە گەشتی هەولێریش زیاد بكرێت.

بەگوێرەی "فارسنیوز" ئەو باسی لە دابەزینی رێژەی گەشتكردن بە فڕۆكە كردووە و گوتوویەتی بەرزبوونەوەی نرخی تیكتی فڕۆكە هۆكار بووە لەوەی ژمارەی گەشتیارەكان 15% كەم ببێتەوە.

بۆ پڕكردنەوەی گەشتەكان ئەو بەرپرسەی ورمێ باسی لە گرنگیی ورمێ كردووە كە لەگەڵ سێ وڵات دراوسێیەوە و دەتوانێت راستەوخۆ گەشتی زیاتر بۆ وڵاتان رێك بخات.

پێویستە بگوترێت ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستانەوە گەشتی ئێران دەكەن رۆژ بە رۆژ زیاد دەكات، بۆیەش فڕۆكەخانەی ورمێ خوازیارە بەشێك لەو گەشتیارانە لە رێی فڕۆكەخانەی ورمێوە بەرەو شارەكانی تری ئێران گەشت بكەن.



وشە - سلێمان تاشان