سوپای عێراق بۆشایی تەناهی دروست کردووە و تیرۆریستان کەوتونەتە گیانی گوندنشینان

:: PM:03:07:21/09/2019 ‌

ئەندامێكی كوردی ئەنجوومەنی شارەوانی جەلەولای رای دەگەیەنێت، سوپا لە بەرانبەر گیانی هاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکان کەمتەرخەمە و سەنگەرەکانی گواستووەتەوە نزیک سەنتەری شارۆکەکان و وای کردووە تیرۆریستان ببنە هەڕەشەیەکی رژد بۆسەر گیانی گوندنشینان.

ئەمڕۆ شەموو 21ی ئەیلوول، بەشیر عەبدوڵا ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی گوڵاڵە بە "وشە"ی راگەیاند، لەو شوێنانەی پێویست دەكات سەنگەر و رەبیەی سوپای عێراقی لێبێت لە ناوچە هەستیارەكانی نێوان جەلەولا و خانەقین و خانەقین بۆ قەرەتەپە، هێزی سوپا بوونی نیە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێمە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و لایەنە پێوەندیدارەكانیشمان لە كەتەرخەمی سوپا ئاگادار كردووەتەوە بۆئەوەی فریای گوندنشینان بكەون.

"كەمتەرخەمی سوپا كاتژمێر یەكی بەربەیانی ئەمڕۆ بووە هۆكار بۆ ئەوەی داعش لە گوندێكی نێوان جەلەولا خانەقین ژمارەیەك گامێش بكوژێ وخانووی چەند جووتیار و ئاژەڵدارێكیش بسووتێنێ" بەشیر عەبدوڵا وای گوت.

ماوەی چوار مانگە هێزەكانی سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە هیڵەكانی تەماسیان بۆ ناوەوەی گوندەكان و نزیك سەنتەری شارەدێكان بەجێهێشتووە و ئەوەیش وای کردووە تیرۆریستانی داعش بە ئاسانی بتوانن بچنە ناو ئاوەدانییەکانەوە و زیان بە هاووڵاتییان بگەیەنن.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان