رەوتی حیكمە: دۆسیەی سێ وەزیر ئامادەیە بۆ لێپرسینەوە

:: PM:04:43:21/09/2019 ‌
رەوتی حیكمە، ئامادەكاری بۆ لێپرسینەوە لە سێ وەزیری حكوومەت تەواو دەكات بە مەبەستی بانگهێشتكردنیان بۆ پەرلەمان و لێپرسینەوە لەگەڵیان، ئەندام پەرلەمانێکیش ئاشکرای دەکات، سەرەتا وەزیری پیشەسازی، دواتر كشتووكاڵ و گواستنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 21ی ئەیلوول، عەلی حەمیداوی پەرلەمانتاری رەوتی حیكمە بە (سۆمەریە نیوز)ـی رای گەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ لێپرسینەوە لە سێ وەزیری كاربینەی حكوومەت تەواو بووە، سەرەتاش بە وەزیری پیشەسازی و دواتریش كشتووكاڵ و ئینجا گواستنەوە دەست پێ دەكات.
روونی كردەوە، ئەم خولەی پەرلەمان دەبێتە خولی لێپرسینەوە لە وەزیرەكان و "رەنگە تەنیا لەم خولەدا لێپرسینەوە لەگەڵ پێنج وەزیر بكرێت، وەك رەوتی حیكمە داوای لێپرسینەوە لە وەزیرانی پیشەسازی و كشتووكاڵ و گواستنەوە دەكەین، دوو وەزیرەكەی تریش هەر كات دۆسیەكانیان ئامادە بوون ئەوا بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێن بۆ لێپرسینەوە لێیان". عەلی حەمیداوی وای گوت.

 ئەوەشی خستەڕوو، دۆسیەی ئەو سێ وەزیرە تەواو ئامادەیە و ئامانجیش لە لێپرسینەوە لێدانی سیاسی و كەسی نییە لە هیچ یەكێك لەو وەزیرانە، بەڵكو ئەوە كارێكی پەرلەمانییە كە چاودێری حكوومەت دەكات لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی.

پرسی سەندنەوەی متمانە و لێپرسینەوە لە وەزیرەكان، یەكێكە لەو پرسانەی ماوەی چەند مانگێكە لیستەكانی پەرلەمان زۆر بە رژدی قسەی لەسەر دەكەن و ئامادەكاری بۆ دەكەن، بەڵام هەندێك پێیان وایە هێشتا زووە لێپرسینەوە دژ بە وەزیرەكان ئەنجام بدرێت تا كۆتایی هاتنی ساڵی یەكەمی تەمەنی حكوومەت كە 24ـی ئۆكتۆبەری داهاتوو دەكات.


وشە - فه‌رمان سادق