جێبەجێكردنی بڕیاری لە سێدارەدانی داعشە بەندكراوەكان 172 ساڵ دەخایەنێت

:: PM:04:45:21/09/2019 ‌
بەگوێرەی ئامارەكان بێت نزیكەی 11 هەزار كەس بە تاوانی تیرۆر بەند كراون، لەم ژمارەیە سەرووی شەش هەزارایان بڕیاری سێدارەی بۆ دەرچووە، بەڵام بە گوشار و دەستوەردانی حزبی، حكوومەتی عێراق سزاكە جێبەجێ ناكات. حاكم زاملی دەڵێ، لە 2019 هیچ كەس لە سێدارە نەدراوە و لە 2018 تەنیا 37ـیان سزایان بەسەردا سەپێنراوە، وا بڕوات پێویستمیان بە 172 ساڵ دەبێت تا هەموویان لە سێدارە بدرێن.

ئەمڕۆ شەموو 21ی ئەیلوول، حاكم زاملی سەرۆكی لیژنەی تەناهی و بەرگری خولی پێشتری پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، ئەگەرچی بە هەزاران لەوانەی بە تاوانی ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی گیران و بڕیاری لە سێدارەیان بۆ دەرچووە، بەڵام لە 2019 ئەو بڕیارە بەسەر هیچ یەكێكیان جێبەجێ نەكراوە و ساڵی رابردووش تەنیا 37ـیان بڕیارەكەیان بەسەردا سەپێنراوە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی گرتووخانەی ناسرییە بێت كە تایبەتە بەوانەی لەسەر كاری تیرۆریستی دەگیرێن و بڕیاری سێدارەیان بەسەردا دەسەپێنرێت، 10 هەزار و 973 كەس لە گرتووخانەكە لەسەر كاری تیرۆریستیی گیراون، لەم ژمارەیە شەش هەزار و 373ـیان بڕیاری سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە كە 176ـیان عەرەب و بیانین.

حكوومەتی عێرا ق لە 2018 سزای لە سێدارەدانی بەسەر ژمارەیەكیان جێبەجێ كردووە، بەگوێرەی ئامارەكان تەنیا 37ـیان سزاكەی بەسەردا سەپێنراوە، لە نۆ مانگی ئەمساڵیش سزاكەی لەسەر هیچ یەكێك لەوانەی بڕیاری سێدارەی لە دادگا بۆ دەرچووە جێبەجێ نەكردووە.

حاكم زاملی ئاشكرای دەكات، بەهۆی بەرژەوەندی ئابووری هەندێك حزبی گەندەڵ، رێگری دەكرێت لە جێبەجێ كردنی بڕیارەكانی دادگا، گوتی "ئەگەر بەمجۆرە بڕوات كە ساڵێ 37 كەس لە سێدارە بدرێت ئەوا پێویستیمان بە 172 ساڵ دەبێت تا شەش هەزار و 373 كەس لە سێدارە بدەین كە بڕیارەكەی لە دادگا بەسەردا سەپێنراوە".

زیاتر گوتی، ئەگەر بڕیاری سێدارە جێبەجێ نەكرێت چ بەهایەك بۆ دادگا و دامەزراوە سەربازی و تەناهییەكان دەمێنێتەوە كە كۆششی زۆریان كردووە بۆ گرتنی ئەوان".

رۆژانە خەرجی گرتووخانەی ناسرییە بۆ خواردن و دەرمان نزیكەی 100 هەزار دۆلارە، بەمەش مانگانە دەكاتە سێ ملیۆن دۆلار و ساڵانەش 36 ملیۆن دۆلار، حاكم زاملی دەڵێ، لە ساڵی 2011، حكوومەتی عێراق گرتووخانەكانی لە ئەمەریكییەكان وەرگرتۆتەوە، بەمەش لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا 324 ملیۆن دۆلار لە بودجەی گشتی بۆ خواردن و دەرمانی ئەوان خەرج كراوە، جگە لە خەرجی یەك لیوای تایبەت لە پۆلیسی فیدڕاڵی و پاسەوان و فەرمانبەرانی وەزارەتی داد و ئاو و كارەبا كە لە گرتووخانەكان خزمەت دەكەن.


وشە - فه‌رمان سادق