عێراق.. گەندەڵییەك بە بڕی چوار ملیار دۆلار ئاشكرا دەبێت

:: PM:05:30:21/09/2019 ‌

لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەشیان لەگەڵ لیژنەی وزەی پەرلەمان پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە گرێبەستی پەستێنەرەكانی پاڵاوگەی نەوتی  كەربەلا و روونی كردەوە كە ئەو كێڵگە گرێبەستێكی بە بڕی هەشت ملیار دۆلار بۆ كراوە لەوكاتەی بەهای گرێبەستەكەی چوار ملیار تێپەڕ ناكات.

جەواد حەمدان، ئەندامی لیژنەكە ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەشیان لەگەڵ لیژنەی وزەی پەرلەمان پێكهێناوە بۆ گرێبەستی پەستێنەرەكان و دانی بە كۆمپانیایەكی بیانی بە بەهای شەش ملیار دۆلار، هەروەها سزای دواكەوتن لە بەرانبەر رێوشوێنەكانی حكوومەت دەگاتە دوو ملیار دۆلار، واتە بەهای گشتی ئەو گرێبەستە دەگاتە هەشت ملیار دۆلاری ئەمەریكی، لەوكاتەی بەهای پەستێنەرەكان بەپێی قسەی شارەزایان چوار ملیار دۆلار تێپەڕ ناكات. 

روونی كردەوە، لیژنەی نەزاهە قسەی لەگەڵ وەزارەتی نەوت كرد بۆ زانینی وردەكاری گرێبەستەكە و ئاگەداربوون لە سەرەتاییەكان، بەڵام ئەوان وەڵامیان نەدایەوە و هیچیان بە لیژنەكە رانەگەیاند لەبارەی ئەو گرێبەستە، بۆیە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە هەردوو لیژنەی نەزاهە و وزەی پەرلەمان پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی پەرلەمان.  دووپاتیشی كردەوە كە ئەگەر وەزارەت وەڵام نەداتەوە كار دەكاتە لێپرسینەوەكردن لەگەڵ وەزیری نەوت.

شایەنی باسە تا ئێستە و سەرەڕای بوونی زیاتر لە دامەزراوەیەكی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق كە سەرۆك وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی خۆی سەرپەرشتی ئەنجوومەنی باڵای دەكات، عێراق تا ئێستە لە لیستی دیودەری جیهانیدا لە ریزی پشتەوەی رێزبەندییەكەیە، بەتایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراق یەكێكە لە گەندەڵترین وەزارەتەكان.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل