پەرلەمانی عێراق لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر نەوتی كوردستان پێك دەهێنێت

:: PM:07:39:21/09/2019 ‌
لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق داوایەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەت دەكاتەوە و لیژنەی دەرخستنی راستییەكان لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان پێك دەهێنێت. رێبوار تەها سەرۆكی لیژنەكە دەڵێ، بڕیاردان لەسەر ئەو دۆسیەیە دواجار دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بیدات.

ئەمڕۆ شەموو 21ی ئەیلوول، لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق كە بە سەرۆكایەتی هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی لیژنە و ئەندامانی تری لیژنەكە كۆبووەوە، داوایەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ سەردانی كردنی هەولێر رەتكردەوە، لە بەرانبەردا لیژنەی دەرخستنی راستییەكانی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان پێكهێنا.

ئەگەرچی لە هەواڵی ماڵپەری پەرلەمانی عێراق ئاماژە بە رەتكردنەوەی داوایەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە، تەنیا نووسراوە كە گەنگەشە كراوە، بەڵام رێبوار تەها پەرلەمانتاری لیژنەكە دووپات لە رەتكردنەوەی دەكات.

لیژنەی نەوت و وزە بڕیاری داوە كە لیژنە حەوت كەسیەكە ئەركیان ئەوەیە راپۆرتێك لەسەر هەناردەی نەوتی كوردستان ئامادە بكەن و لە ماوەی هەفتەیەدا دوای پێكهێنانی، رادەستی سەرۆكایەتی لیژنە بكرێتەوە.

رێبوار تەها پەرلەمانتاری لیژنەی نەوت و وزە كە سەرۆكایەتی لیژنەكە دەكات، بۆ "وشە"، ئەركی لیژنەكە دووپات كردنەوەیە لە هەموو ئەو ژمارانەی هەنە لە بارەی هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی و دامەزراوەكانی دەكەین، هاوكات سەردانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستانیش دەكەین، پاشان راپۆرتێكی گشتگیر لەسەر هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان دەدەینە سەرۆكایەتی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق.
رێبوار تەها ئەوەی روون نەكردەوە كە وردبینەكە تەنیا بۆ ئەمساڵ دەبێت یان ساڵانی پێشتریش، بەڵام ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان هەوڵدەدەن راستییەكان دەربخەن و پێشنیاریش بدەن، گوتی "بڕیاردان لەسەر ئەو دۆسیەیە دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بیدات".

لیژنەكە جگە لە سەرۆك، شەش ئەندامی هەن، پێكهێنانی لیژنەكەش دوای رەتكردنەوەی پێشنیارێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێت كە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر داوای پەرلەمانتارێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە نووسراوی فەرمی داوای لە لیژنەكانی یاسایی، دارایی، نەوت و وزە و ناوچە كێشە لەسەرەكانی پەرلەمانی عێراق كردووە كە سەردانی هەرێمی كوردستان بكە نبۆ گفتوگۆ كردن و تاوتوێكردنی كۆمەڵێك پرسی هاوبەش لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق پێوەند بە پرسە داراییەكان و دۆسیەی نەوت و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

رێبوار تەها دەڵێ، لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق، دەستپێشخەریەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی رەت كردەوە و لەسەر "داوای ئێمە بڕیاری پێكهێنانی ئەو لیژنەیە دراوە و ئەگەر هیچ گرفت و لەمپەرێك نەیەتەوە پێشەوە ئەوا لە سبەی یەكشەم 22ی ئەیلوول، لیژنەكە دەستبەكار دەبێت".

پێكهێنانی ئەو لیژنەیە لە كاتێكدایە هێشتا دۆسیەی نەوت و گاز لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بە یاسا لەسەر بنەمای مادەكانی 111 و 112ـی دەستووری عێراقی كە زیاتر پێوەندارە بە سامانە سروشتییەكان، رێك نەخراوە، ئەگەرچی لە ساڵی 2007 هەردوولا گەیشتنە رێككەوتن لەسەر رەشنووسێكی یاسایی، بەڵام دواتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، حكوومەتی عێراق تاك لایەنە دەستكاری هەندێك بڕگە و مادەی رەشنووسەكەی كردووە، ئەمەش وایكرد رەشنووسەكە لە پەرلەمانی عێراق وەك یاسایەك دەنگی لەسەر نەدرێت و تا ئێستەش هەردوولا نەیانتوانیوە لەسەر ئەو پرسە بگەن بە رێككەوتن.


وشە - فه‌رمان سادق