دره‌نگانی شه‌و هیچ مه‌خۆ

:: PM:09:05:21/09/2019 ‌

زۆرێك لە خەڵك، بەتایبەتی لە زستاندا كە شەو درێژە، دوای ژەمی ئێوارە، ژەمێكی تری بۆ خۆی دروست كردووە كە ژەمی نیوەشەوە، ئەمە باشە یان خراپ؟

پێش وەڵامی ئەو پرسیارە، بۆچی ئەو نانە دەخۆی؟ چونكە هەست بە برسیبوون دەكەیت یان هەست بە بێزاری دەكەیت و پەنا دەبەیتە بەر خواردن، یان بووەتە بەشێك لە بەرنامەی شەوانەت بە دیار تەلەڤزیۆن یان بەرامبەر بە شاشەی كۆمپیوتەرەكەتەوە؟ 

خواردنی درەنگانی شەو، تەنیا لەو كاتەدا نابێتە گرفت كە خۆراكی تەندروستییانە هەڵبژێرێت و لە پێویستی وزەی یان كالۆری رۆژانە زیاتر نەكات، بۆ نموونە: خۆراكێك كە زیاتر كاربۆهیدرات لەخۆ بگرێت تا نەبێتە ئەگەری تێكچوونی خەو. 

بەگشتی، خواردنی درەنگانی شەو لەو كاتەدا دەبێتە هۆی گرفتی تەندروستی كە ببێتە ژەمی چوارەم و دەوڵەمەند بێت بە چەوری و وزە و شەكر یان خوێ. ئەوانەی كە ئیشوكاریان كەوتووەتە پاش نیوەڕۆ یان ئێوارە لەوانەیە كە درەنگی شەو ژەمی بەیانی بخۆن و ژەمی ئێوارەیان بكەوێتە شوێنی ژەمی بەیانیان. هەندێك كەس نزیكەی 25-50%ی پێویستی وزەی رۆژانەیان لە رێگەی خواردنی درەنگی شەودا دابین دەكەن كە بە دیاردەی خواردنی شەو ناسراوە. 

لەو كەسانەدا، لەوانەیە كە پێوەندی هەبێت بە چەند گرفتێكی تەندروستییەوە وەك خەمۆكی، قەڵەوی یان لاوازی باوەڕ بەخۆبوون. بە هەرحاڵ، ئەگەر نەتوانیت كە واز لە خواردنی درەنگی شەو بێنیت، با خۆراكەكەت تەندروستییانە بێت، كەم چەور و كەم شیرین، هەروەها با ماوەی نێوان خواردن و نوستنت لە دوو سەعات كەمتر نەبێت، چونكە نوستن راستەوخۆ لە پاش ژەمێكی خۆراك لەوانەیە كە دووچاری چەند كێشەیەكی تەندروستیت بكات وەك: زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، بینینی خەونی ناخۆش، دڵەكزێ و ناڕەحەتی لە گەدە و ناوچەی سكدا، قۆڕی ناوپەنچك، هەستكردن بە لەش داهێزران و جۆرێك پەستی پاش لەخەو هەڵسان.



وشە - كوردۆ شابان