بەهۆی "وشە" شوێنەواری رژێمی بەعس لەسەر قوتابخانەیەک لادەدرێ

:: PM:01:38:19/01/2017 ‌
دوای ئەوەی كە "وشە" راپۆرتێكی لەسەر دیوارەكانی یەكێك لە  قوتابخانەكانی سنووری شارۆكەی بەردەرەش کرد كە چەند تابلوی نووسینەكانی رژێمی بەعسی لەسەر بووە، ئێستە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارۆكەكە دەیەوێت قوتابخانەکە نۆژەن بکاتەوە.

یەزن عیمران قوتابی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی كوڕانی دولێجانی گەورە بە "وشە"ی گوت "قوتابخانەكەمان نزیكەی 40 ساڵە دروست كراوە و ئەو كات حكوومەتی عیراق و رژێمی بەعس دەیویست بیرە قیزەونەكانی خوی لەو قوتابخەنەیە بگەیەنێتە خەڵكی ناوچەكە ، بەڵام دوای دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و  لەناوچوونی ئەو رژێمە هێشتا قوتابخانەكە هەر وەكوو خوی بە كۆنی ماوەتەوە."

ئەو گوتیشی هەركە دەچوویتە نێو پولەكانی ئەو قوتابخانەیە یەكسەر بیری رژێمی بەعست دەکرد، چونكە ئاماژە و تابلۆكانی ئەوان لەسەر قوتابخانە هەن و هیچ ئاماژە و نووسینێكی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر نییە ، لەبەر ئەوە لە رێگەی "وشە"وە داوایان لە لایەنە پێوەندیدارەكان كرد كە ئەو نووسین و تابلۆ و ئاماژانە نەهێڵن و قوتابخانەكەش نوژەن بكەنەوە و بۆیەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پەروەردە رەزامەندی دەربڕی.

 مالك عەلی هاوڵاتیەكی گوندی دولێجانی گەورەیە و سێ‌ لە منداڵەكانی لەو قوتابخانەیە دەخوێنن. ئەو بە "وشە"ی گوت " قوتابخانەی گوندەكەمان لە زیندانێكی چۆلكراو و وێرانكراو دەچێت و پێویستە سەرلە نوێ‌ جارێكی تر دروست بكرێتەوە."

لەلایەكی ترەوە غازی رەمەزان بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەرەش بە "وشە"ی گوت پێشتر هیچ كەسێك لەو گوندە بە ئەوانی رانەگەیاندووە نووسین و شوێنەوارەكانی رژێمی بەعس لەسەر دیوارەكانی ئەو قوتابخانەیە هەیە و لە رێگەی "وشە" ئەم هەواڵەیان زانیوە  و بۆیەش بە پێویستیان زانی ئاوڕی لێبدەنەوە.

ئەو گوتیشی لە بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندایە قوتابخانەیەكی 18 پۆلی لە جیاتی ئەو قوتابخانەیە دروست بكرێت ، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی ناتوانن لەم كاتەدا دروستی بکەن و ئێستە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بریاری داوە كە قوتابخانەی گوندی دولێجانی گەورە بە ستانداردی سەردەم بە بڕی 50 ملیون دینار نوژەن  بکاتەوە.

گوندی دولێجانی گەورە دەكەوێتە رۆژئاوای شارۆكەی بەردەرەش و  700 خێزان تێیدا نیشتەجێن و نزیكەی 500 قوتابی لەو گوندە دەخوێنن.

بەردەڕەش /نەوزاد هلۆری












وشە - سلێمان تاشان