سەید حوسێن میردامادی، مامۆستای خانەنشینی زانکۆی مەشهەد و خاڵی عەلی خامنەیی لە نامەیەکدا هۆشداری دەدات بە رێبەری ئێران و داوای لێ دەکات تا درەنگ نەبووە، لەو رێبازە سیاسەتە پاشگەز ببێتەوە گرتوویەتە بەر.
ئەمڕۆ پێبجشەم 19ی کانوونی دووەم/یەنایەر ماڵپەڕی "کەلیمە"ی سەر بە ریفۆڕمخوازەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نامەیەکی کراوەی حوسێن میردامادی، خاڵی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی بڵاو کردوەتەوە و تیایدا هۆشداری داوەتە رێبەری ئێران.
ئەو نامەیە لە مەشهەدەوە بۆ خامنەیی نووسراوە و تیایدا داوای لێ دەکات دەست لە سیاسەتی رق و بوغزاندنی هاوڕێیانی بهێنێت و تا درەنگ نەبووە و دەسەڵاتەکەی نەڕووخێندراوە، دەست لە سیاسەتی تۆڵە و لەناوبردن بهێنێت.
میردامادی لە نامەکەدا تەنیا بە عەلی خامنەیی ناوی رێبەری کۆماری ئیسلامی هێناوە و داوای لێ دەکات کەرامەتی هاووڵاتییان بپارێزێت و هەتا زووه و دەرفەتی لەپێش ماوە زیندانیانی سیاسی و رۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤ ئازاد بکات.
خاڵی رێبەری ئێران خامنەیی بە کەسێکی بوغزن ناو دەبات و رای دەگەیەنێت، سەرجەم ئەو کەسانەی هاوکار بوون بۆ ئەوەی تۆ بگەیە دەسەڵات و خۆشیان ویستووی، لەلایەن تۆوە بە دوورخستنەوە و تۆمەت بۆ درووستکردن و سووکایەتی بە کەرامەتی مرۆییان وەڵام دراونەتەوە و رەفسەنجانی و محەمەد خاتەمی وەک دوو نموونەی بەرچاو دەهێبنێتەوە.
هاوکات داوا لە رێبەری ئێران دەکات هەتا زووە فەرمانی ئازادکردنی هەردوو پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری ساڵی 2009ی ئێران، میرحوسێن مووسەوی و مەهدی کەڕوبی دەربکات.