25 منداڵ بە هۆی رووداوێکی هاتوچۆ گیانیان لە دەست دا

:: PM:02:30:19/01/2017 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم رێکەوتی 19ی کانوونی دووەم/ یەنایەر، لە هەرێمی ئاتەر برادیش لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان، بە هۆی پێکدادانی پاسێکی هاتوچۆی قوتابخانە لەگەڵ بارهەڵگرێکدا، 25 منداڵ گیانیان لە دەست دا و 36ی تریش بریندار بوون.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لەو بارەیەوە بڵاو کراونەتەوە، هۆکاری رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی مەودای بینین، لەژێر کاریگەری کەشوهەوا و هەبوونی تەمێکی خەست لە ناوچەکەدا.

لەو بارەیەوە کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئیندیا تودەی بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتێکدا پاسەکە لە رێگەدا بووە بە مەبەستی گەیاندنی ئەو منداڵانە بە قوتابخانە، تووشی پێکدادان بووە لەگەڵ بارهەڵگرێکدا و شوێنی رووداوەکەش ناوچەی ئیتاهی رۆژئاوای هەرێمی ناوبراوە.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ پێنجشەم یەکەم رۆژی کردنەوەی قوتابخانە بوو لەو ناوچەیەدا، دوای ئەوەی کە سێ رۆژی رابردوو لەو ناوچەیەدا، بە هۆی نالەباری کەشوهەواوە دەوامی فەرمی راگیرا.

هەر یەکە لە ناریندرا موودی سەرۆکوەزیران و راجنات سینگ وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان بە هۆی رووداوەکەوە راگەیاند.

سەرچاوە/ rt


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی