تەنگژەی ئاو و کارەبا ڕوو له‌ دهۆك ده‌كات

:: PM:03:13:19/01/2017 ‌
دانیشتووانی شوقەکانی کایار ستی لە دهۆک، چەند رۆژێکە بە دەست بێ کارەبایی و هاوکات بێ ئاوییەوە دەناڵێنن و بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی ئەو شووقانەش رای دەگەیەنێت کە لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان.

ئەمیر بەرواری، هاوڵاتییەکی نیشتەجێی شوقەکانی کایار ستییە و بە "وشە" دەڵێت، چەند رۆژێکە کارەبای نیشتمانییمان و نییە و مۆلیدەکانیش کار ناکەن، لێرەش بەبێ کارەبا ئەستەمە بتوانین ئاومان هەبێت، بۆیە ئێستە هیچ بڕە ئاوێکمان تەنانەت بۆ خواردنەوەش نییە و بۆ خۆشووشتن ناچارین سەردانی ماڵی کەسوکارمان و گەرماوی بازاڕ بکەین.

عەلی رەسووڵ، هاوڵاتییەکی تری نیشتەجێی هەمان ئەو شوقانەیە و هاوشێوەی ئەمیر رای دەگەیەنێت، کە ئەوان ناتوانن وەک گەڕەکەکانی تر، بە تەنکەر ئاو بکڕن، چونکە ئەستەمە ئاوی تەنکەر بگەیەنرێتە نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەی ئەو شوقانە.

لە بەرامبەریشدا، فازڵ قارو بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی ئەو شوقانە ، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، بە "وشە"ی گوت، دروست بوونی ئەو کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ لە کارکەوتنی مۆلیدەی شوقەکان و لە ئێستەشدا وەستا و فیتەرمان هێناوە، بۆ چاککردنەوەیان و تا چاککردنەوەی مۆلیدەکانیش ناتوانرێ ئاو دابین بکرێت.

فازڵ ئاماژەی بەوەشدا، هەر باڵەخانەیەکی شوقەکان، سێ تانکەری ئاوی یەدەگی هەیە و لە دۆخی وەک ئێستەدا ئێمە ئەو تەنکەرانە بەکار دێنین، بەڵام ژمارەیەک لەو ماڵانە ئاوی تەنکەرە یەدەگەکانیان تەواو بووە.

شوقەکانی کایار ستی، لە 19 باڵەخانە پێک دێت و هەر باڵەخانەیەک 36 ماڵی تێدایە و لە ساڵی 2011 دروست کراوە.

دهۆک/ نەوزاد هلۆری




وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی