ئەمرۆ پێنجشەم تاوەری بلاسكۆ كە یەكێكە لە تەلارە بەرز و بەناوبانگەكانی تارانی پایەتەختی ئێران لە دوای سووتانییەوە دا دڕمێت و دەیان كەسیش بەو هۆیەوە دەبنە قوربانی.
بە پێی میدیاكانی ئێران دەیان ئۆتۆمبێل و كارمەندی ئاگركوژێنەوە روویان لەو شوێنە كرد بەمەبەستی كوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی كە لە بەیانی ئەمڕۆوە رووی دا و سەرەڕای چۆڵكردنی، بەڵام بەهۆی داڕمانی دەیان كارمەندی ئاگر كوژێنەوە لەژێر پاشماوەكەی بوونە قوربانی.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی شارەوانی تاران لەو بارەوە رای گەیاند كە 20-25 كارمەندی ئاگركوژاندنەوە لەژێر پاشماوەی سووتاوی تەلارەكەدان، لەو كاتەی سەرۆكی خومەتگوزاری فریاكەوتنی تەندروستی رای گەیاند كە 70 بریندار تا ئێستە چارەسەریان بۆ كراوە.
بەهۆی گەورەیی رووداوەوەكەوە سوپای پاسداران و سوپای ئێران یەكەكانی خۆیان بۆ بەهاناهاتنی قوربانیان و كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە رەوانە كردبوو، لەو كاتەی حەسەن رەوحانی سەرۆكی ئێران دڵگرانی خۆی بۆ رووداوەكە پێشان دا و داوای لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە و چارەسەركردنی قوربانیان و قەرەبووكردنەوەیانی كرد.
پێشتر موحسین هەمەدانی یاریدەری ئاسایشی تاران رای گەیاندبوو كە هۆكاری ئاگرەكە شۆرتی كارەباییە لە یەكێك لە نهۆمەكانی تەلارەكە و هەر هۆكارێكی تری دوور خستەوە، لەو تەلارەی لە ساڵی 1962 دروست كراوە و لە 15 نهۆم پێك هاتووە و بریتی بوو لە سەنتەرێكی بازرگانی جلوبەرگ.