تاقیكردنەوەكانی كۆتایی كۆرسی یەكەم لە كەركووك دەستی پێ كرد

:: PM:04:53:19/01/2017 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم یەكەمین ڕۆژی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی كۆرسی یەكەم و نیوەی ساڵی پۆلە نا كۆتاییەكان لە كەركووك بەڕێوە چوو، كە خوێندنی كوردی و عەرەبی و توركمانی و سریانی دەگرێتەوە.

شێرزاد ڕەشید كاكە بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بە بەشداریی نزیكەی 79 هەزار قوتابی كوڕ و كچی سەر بە خوێندنی كوردی، تاقیكردنەوەكانی كۆتایی كۆرسی یەكەم بۆ پۆلی یەكەم و دووەمی ناوەندی و چوارەم و پێنجەمی ئامادەیی و نیوەی ساڵی پۆلە نا كۆتاییەكان بەبێ‌ هیچ گرفتێك بەڕێوە چوو، كە نزیكەی 38 هەزاریان هی قۆناغی سەرەتایی و 41 هەزاریان هی قۆناغی ئامادەیی بوون.

زیاتر گوتی، سەرباری ئەو تەنگژە دارایییەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و سیستمی پاشەكەوت دەیانگرێتەوە، كەچی پرۆسەی خوێندنی كوردی لە كەركووك هەر بەردەوام بوو و مامۆستایانمان بایكۆتی خوێندنیان نەكرد، بە ئومێدیشین ئەو هاوكارییەی كە پارێزگاری كەركووك لە پترۆدۆلار بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كەركووكی تەرخان كردووە، بەردەوام بێت و ئەو بڕە پارەیەی حكوومەتی هەرێم بۆ هاندان بڕیارە خەرج بكرێت، ببێتە هاندەرێكی باش بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن لە شارەكەدا.

كاكە ئەوەشی ڕاگەیاند، كە تاقیكردنەوەكان تا 31ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و پشووی نیوەی ساڵ لە 1ی شوبات دەست پێ دەكات و دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، واتە دەوامی كۆرسی دووەمی ئەم ساڵی خوێندن لە 15ی شوبات دەست پێ دەكاتەوە و بۆ ساڵی خوێندنی 2016 – 2017 سیستمی (ئەحیائی و تەتبیقی)مان لە قۆناغی ئامادەیی جێبەجێ كرد و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی بەغدا و شارەكانی تری عێراق هەمان سیستم پێڕەو دەكەین، كە هیوامان زۆرە ئەم سیستمە لە بەرژەوەندیی قوتابیاندا بێت و بە ئامانجەكانی خۆیان بگەن.  

پرۆسەی خوێندنی كوردی لە 2003ەوە جارێكی تر دەستی پێ كراوەتەوە و وەك سەرەتایەك بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی كەركووك لە هەولێر و پەروەردەی باباگوڕگوڕ لە سلێمانی یەكیان گرتەوە و كۆمەڵێك مامۆستا و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بە ئەزموون سەرپەرشتییان دەكرد و تا ئەمڕۆ لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری دەكرێن و حكوومەتی عێراق ئاوڕیان لێ ناداتەوە. 

ساڵانە قوتابیانی خوێندنی كوردی نمرەی زۆر بەرز بە دەست دێنن و لەسەر ئاستی عێراقدا پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمی زانستی و وێژەیییان بەدەست هێناوە، ساڵی پاریش لە ئاوڕدانەوەیەكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا 210 كورسی خوێندنی بۆ دەرچووانی شەشەمی ئامادەیی لە زانكۆكانی هەرێم بۆ تەرخان كردن.

كەركووك- نەبەز ڕۆستەم


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل