گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، مۆڵەتی دایكایەتی بۆ فەرمانبەران جیاوازە لەگەڵ مۆڵەت بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە منداڵێكیان توشی نەخۆشی درێژخایەن بووە.
هەمزە مەغدید گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، نووسراویان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردبوو بۆ ئەوەی گشتاندن بكەن بۆ دامەزراوەكانی كوردستان و مۆڵەتی دایكایەتی لەگەڵ مۆڵەتی ئەو فەرمانبەرانەی منداڵێكیان توشی نەخۆشی درێژخایەن بووە جیا بكرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گوتی، ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی نووسراوەكەی داوەتەوە و ئێستە مۆڵەتی دایكایەتی فەرمانبەران لە مۆڵەتی ئەو فەرمانبەرانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە جیا كراوەتەوە و نابێت بەیەك جۆر مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێ.
هەمزە مەغدید زیاتر گوتی، مەبەست لە نەخۆشی درێژخایەن ئەو فەرمانبەرانەش دەگرێتەوە كە منداڵی كەمئەندام و خاوەن پێداویسی تایبەتەتیان هەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی دا، ئەو مۆڵەتە بەبێ مەرج ساڵانە نوێ دەكرێتەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە كە مانگی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێنمایی پێدانی مۆڵەتی ساڵانەی بۆ فەرمانبەران دەركرد و داوی كردبوو ئەو فەرمبەرانەی نەخۆشن ساڵانە بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتەكان داواكاری پێشكەش بكەنەوە.