بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكییەوە دەركرنی كارتی نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان لە سنووری پارێزگای سلێمانی وەستا و بەرێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی پارێزگاكەش دەڵێ، وەستانەكە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی پارێزگای سلێمانی راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە تێیدا هاتووە، بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە دەركردنی كارتی نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان سێ ڕۆژ دەوەستێت.
بەرێوەبەرایەتیەكە روونی كردووەتەوە كە بەهۆی ئەوەی سیستمی دەركردنی كارتی نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان لە بەغداوە ئاڕاستە دەكرێت، ئەمڕۆ سیستمەكە وەستاوە، بۆیە سێ ڕۆژ دەركردنی كارتی نیشتمانی دەوەستێت.
دوێنێش لە شارۆكەی خەباتی سەر بەپارێزگای هەولێر بەهۆی چوونەوەی ناوی ئەوانەی پێشكەشیان كردووە بۆ دەرهێنانی كارتی نیشتمانی پرۆسەكە راگیرا.
پرۆسەی دەرهێنانی كارتی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو دەستی پێ كرد و ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە تەمەنیان لە سەرووی 12 ساڵییەوە و تا ئێستە پرۆسەكە بەردەوامە.