لە مانگێكدا 500 پارچە تەقەمەنی و مین لە دهۆك لەناو دەبردرێ

:: PM:05:59:19/01/2017 ‌

سەرۆكی گشتی دەزگای كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بۆ پاككردنەوەی خاكی هەرێمی كوردستان لە مین و تەقەمی دەزگاكەیان بەردەوامە لە كاركردن و تەنیا لە ماوەی یەك مانگدا لە پارێزگای دهۆك 500 پارچە مین لەناو براون.

محەمەد ئەحمەد، سەرۆكی گشتی دەزگای كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، دەزگاكەیان لە رێگەی واژووكردنی گرێبەست و كۆكردنەوەی هاوكاری رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە پاككردنەوەی خاكی هەرێمی كوردستان لە مین و تەقەمەنییەكان.

سەرۆكی گشتی دەزگای كاروباری مین زیاتر گوتی، تەنیا لە مانگی 12ی ساڵی 2016، لە پارێزگای دهۆك زیاتر لە500  مین و  پارچەی تەقەمەنی لەناو براون كە خۆی لە مینی دژە كەسی دەبینێتەوە.

بە گوێرەی قسەی ئەحمەد هەر لە مانگی 12ی ساڵی پاردا رووبەری 10 ملیۆن و 797 هەزار و مەتر زەوی لە مین پاك كراوەتەوە، سەرباری هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە خۆپاراستن لە تەقەمەنییەكان.

ئەوە لەكاتێدایە لە دوایین سەردانی شاندێكی ژاپۆن بۆ هەرێمی كوردستان پرۆتۆكۆڵێك لە نێوان ژاپۆن و دەزگەی مین ئیمزا كرا بەمەبەستی هاوكاری و پاككردنەوەی خاكی هەرێمی كوردستان لە مین و تەقەمەنییەكان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم