سەرۆكی حكوومەت: كوردستان ئامادەیە بۆ گفتوگۆی رژد لەگەڵ بەغدا

:: PM:06:17:19/01/2017 ‌

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەیی كوردستانی بۆ دەست پێ كردنی دیالۆگێكی ڕاستەوخۆ و رژد لەگەڵ حكوومەتی عێراق پێشان دا، بەمەبەستی چارەسەركردنی تەواوی ئەو تەنگژە هەڵواسراوانەی لە نێوان هەردوولادا هەن، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەستن بە بودجە و سەرچاوە سرووشتییەكانەوە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە یان كۆبیش نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق  كردووە.

بەپێی هەواڵەكەی ماڵپەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یان كۆبیش ئەو‌ هەماهەنگییە باشەی بەرز نرخاند كە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆردا هەیە و هیوای خواست ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناووچە ڕزگاركراوەكان‌ دابین بكرێت.

ناوبراو سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كردووە بۆ حەواندنەوەی ئەو ئاوارانەی‌ دوای كردەوەگەلی ئازادكرنەوەی مووسڵ بەرەو هەرێمی كوردستان هاتوون.

سەبارەت بە پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كۆبیش ئاماژەی بەوە داوە كە لە سەرتادا گفتوگۆیەكە بەچڕ و ئەرێنی دەستی پێ كرد و ئەو هەماهەنگییە باشەی لێ كەوتەوە كە ئێستە لە نێوان هەردوولادا هەیە، بۆیە پێویستە هەردوولا هەوڵی رژدتر بدەن بۆ باشتركردنی هەماهەنگی، لەمبارەیەشەوە ئامادەیی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ هەر هاوكارییەكی نیشان دا و لە ڕاپۆرتی خۆیشیدا كە لە نیویۆرك پێشكەشی‌ نەتەوە یەكگرتووەكانی دەكات، باسی هەموو ئەو خاڵانە دەكات.

لە هەواڵەكەی ماڵپەری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لەو دانیشتنەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد بۆ درووستكردنی ئەو هەماهەنگییە سەربازییەی ئێستە لە نێوان هەولێر بەغدادا هەیە. 

سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ دەست پێ كردنی دیالۆگێكی ڕاستەوخۆ و رژد لەگەڵ حكوومەتی عێراق پێشان دا، بەمەبەستی چارەسەركردنی تەواوی ئەو تەنگژە هەڵواسراوانەی لە نێوان هەردوولادا هەن، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەستن بە بودجە و سەرچاوە سرووشتییەكانەوە.

نێچیرڤان بارزانی بە پێویستی زانی دیالۆگێكی سیاسی لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە ناوچەكەدا دروست بوون كە بەهۆی سیاسەتی چەوتی حكوومەتی پێشووەوە لە ناوچە سونییەكان كۆمەڵێك تەنگژەی نەخوازراو هاتنە ئاراوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم