بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و هونەرمەندانی هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەم لە ڕێوڕەسمێكدا پێشانگەیەكی هونەری و فۆتۆگرافی بە ناوی جوانییە شاراوەكان لەسەر قەڵای دێرینی هەولێر كرایەوە كە لەلایەن دامەزراوەی "روئیا"وە ڕێك خرابوو.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمەكەدا دوای گەڕان و بینینی ئەو بەرهەمانەی لەلایەن ژمارەیەك هونەرمەندەوە لە پێشانگاكەدا نمایش كرابوون، لە گوتەیەكدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە ئامادەكار و ڕێكخەرانی پیشانگاكە كرد كە لە بەغدا و سلێمانی و لەندەنەوە هاتوون و ئاماژەی بەوە دا كە لە پێشانگەكەدا دەڤەرە جیاجیاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە كۆندا پێشان دراون.
نێچیرڤان بارزانی رای گەیاند، كلتوور زمانێكە دەتوانێت زۆر بە ئاسانی پێوەندی لە نێوان گەلانی جیهاندا دروست بكات و عێراقیش لە ڕووی مێژوو و كلتوور و بوارەكانی ترەوە، زۆر دەوڵەمەندە.
زیاتر گوتی، لە دڵسۆزیی د. تامارا كە سەرپەرشتیاری پێشەنگەكەیە تێگەیشتم كە دەیەوێت چ شتیك پێشانی وڵاتانی جیهان بدات، دەیویست پێشانی هەموو جیهانی بدات كە عێراق تەنیا شەڕ و كێشە نییە، جوانی ئەم وڵاتەش هەیە كە پێویست دەكات پێشانی جیهانی بدات.
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی دا، كەسانی دەستەڵاتدار گرنگیی ئەم كارەی د. تامارا دەزانن، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە ئەوانەی پسپۆڕن لەم كارەدا، زۆر بە گرنگ و ڕێزەوە سەیری ئەم كارەی دەكەن و بەناوی حكوومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانەوە پشتگیریی ئەو پڕۆژەیەی دووپات كردەوە.