مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە سویسرا رای گەیاند كە سەركردایەتی كوردستان دەستبەرداری پڕۆژەی سەربەخۆیی نابن و ساڵی رابردووشی بە ساڵی سەركەوتنی هەرێمی كوردستان ناو برد.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكی رۆژنامەوانی لە سەروبەندی كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس كە كارەكانی لە سویسڕا بەردەوامە، جەختی لەوە كردەوە كە هەموو دنیا بە رێزەوە سەیری خەبات و قوربانیدانی كورد دەكات و ئەوان ئامادەی هەموو هاوكارییەكی گەلی كوردن لەو بارەوە.
بارزانی لەبارەی جەنگ لە دژی داعش و پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵ رای گەیاند كە سەركەوتن بەسەر داعش لە مووسڵ مانای لەناوچوونی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە بە تەواوەتی نییە، روونی كردەوە كە جەنگ لە دژی ئەو رێكخراوە توندڕۆیە كاتی زیاتری پێویستە.
بارزانی لەبارەی وتوێژ لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی كوردستان ئاشكرای كرد كە ئەوەی پێویستە روو بدات ئێمە و بەغدا ببینە دوو دراوسێی باش و ئاماژەی كرد كە هاریكاری نێوان بەغدا و هەولێر زیاتر لە بواری سەربازییەوەیە.
مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووشەمی رابردوو كوردستانی جێ هێشت و رووی لە سویسرا كرد بۆ بەشداریكردنی لە كارەكانی كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس كە سێشەمی رابردوو دەستی پێ كرد و وەك لە راگەندراوی سەرۆكایەتی هەرێمیش هاتووە بارزانی لەو بەشدارییەكدا لەگەڵ چەندان سەرۆك و سەرۆك وەزیر و گەورە بەرپرسانی وڵاتانی بەشدار لەو كۆڕبەندە كۆ دەبێتەوە و بڕیاریشە بەشداری لە پانێلێكدا بكات لەبارەی دۆخی عێراق و ناوچەكە و ئاوارەكانی دەستی داعش.