بەری چەپی مووسڵ و دەشتی نەینەوا ئاوەدان دەكرێنەوە

:: PM:08:15:19/01/2017 ‌

حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە لەگەڵ گرووپی پاڵپشتی سەقامگیری نێودەوڵەتی رێككەوتووە بۆ جێبەجێكردنی 27 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە ئازادكراوەكانی پارێزگەی نەینەوا لە داعش بەتایبەتی دەشتی نەینەوا و بەری چەپی شارەكە. 

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، مەهدی عەلاق ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەگەڵ خاتوو لیز گراندی سەرۆكی گرووپی پاڵپشتی سەقامگیری نێودەوڵەتیبە ئامادەبوونی نەوفەل عاگووب پارێزگاری مووسڵ و ژمارەیەك شارەزا ساز كردووە.

زیاتر گوتی، ئەو كۆبوونەوە بە پێی رێنوێنییەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان بۆ ناوچە ئازادكراوەكانی پارێزگەی نەینەوا بە تایبەتی دەشتی نەینەوا و بەری چەپی مووسڵ.

بەپێی بەیاننامەكە بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی 27 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە دراوە كە بریتین لە نۆژەنكردنەوەی بنكە تەندروستییەكان و پڕۆژەكانی ئاو و قوتابخانەكان، لە پاڵ پاككردنەوەی ناوچەكانی نیشتەجێبوون و بنیاتنانەوەی تەلارەی فەرمانگە حكوومەتییەكان.

بەپێی بەیاننامەكە بارەگەیەكی كاتی بۆ سەنتەری پاڵپشتی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە تەلاری پارێزگای نەینەوا لە بەری چەپی مووسڵ دادەمەزرێت و هەر كاتێكیش بەری راستی مووسڵ لە داعش ئازاد كرایەوە هەوڵەكان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئامادە دەكرێت.

جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوو بە پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانان دەستی پێ كرد و تا ئێستەش بەردەوامە، ئەوان توانییان بەشی زۆری گەڕەكەكانی بەری چەپی شارەكە ئازاد بكەنەوە، لە 29ی كانوونی یەكەم دووەم قۆناغی جەنگەكە دوای وەستان بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك دەستی پێ كردەوە، ئەمڕۆ پاككردنەوەی بەری چەپی مووسڵ بەتەواوەتی راگەیەندرا.

سەرچاوە: شەفەق نیوز
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل