سیناریۆكانی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان چین؟

:: PM:08:39:19/01/2017 ‌

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رای گەیاند، ئێستە سێ‌ سیناریۆ هەیە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و دووپاتی دەكاتەوە كە یەكێتی و پارتی سوورن لەسەر چارەسەركردنی تەنگژەكان.

ئیوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سیمینارێكی لە زانكۆی جیهان لە سلێمانی پێشكەش كرد و رای گەیاند، پەیامەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە داوای چارەسەركردنی تەنگژەكانی كردن وەك دەروازەیەك سوودی لێ‌ بینرا و وەك یەكێتیش پێشنیازمان كرد كە كۆبوونەوەكان دوو قۆڵی بن.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ پارتی بەهیچ شێوەیەك باسی پەراوێزخستنی لایەنەكانی تر نەكراوە و پارتیش باسی نەكردووە. 

پیرە ئاماژەی بەتەنگژەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرد و گوتی، ئێستە سێ‌ سیناریۆمان هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو تەنگژەیە، ئەوانیش ئەو دەستەیەی ئێستە هەیە وەك خۆی بمێنێتەوە یان گۆڕان كەسێكی تر دادەنێت لە جێگەی ئەوەی ئێستە وەیا گۆڕان داوای پۆستێك دەكات و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ لایەنێكی تری سیاسی دەبێت.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی دا كە یەكێتی و پارتی سوورن لەسەر چارەسەركردنی تەنگژەكان و بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێكی تر كۆببینەوە.

11ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی هەردوو شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەڕێوە چوو، ئەوەش وەك بەشێك لەو هەوڵانەی دوای پەیامەكەی 20ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاراستەی ڕای گشتیی كوردستانی كرد.

بارزانی لەو پەیامەدا داوای كرد كە حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پەرلەمان كارا بكەنەوە و سەرۆكایەتییەكی نوێ هەڵبژێرن، دواتر پێویستە حزبەكان رێك بكەون حكوومەتێكی نوێ پێك بهێنن و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكەن و خۆشی بە هەموو توانایەكی یارمەتی ئەو پرۆسەیە دەدات.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم