ئەگەری زۆرە سێ نمرە بە قوتابیانی 12ی ئامادەیی بدرێت

:: AM:10:37:20/01/2017 ‌

بەهۆی بایكۆتی خوێندنەوە  قوتابیان لە خوێندن دواكەوتوون بەتایبەتی قوتابیانی پۆلی ١٢ی بنەڕەتی كە تاقیكردنەوەی وزاریان لە پێشە و چاوەڕێ دەکرێت لە نمرەدا هاوكاری بکرێن.

سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" ئاشکرای کرد ساڵی رابردوو سێ نمرەكە نەدرا بە قوتابیان بەڵام بەهۆی بارودۆخی تایبەتیی خوێندن لەمساڵدا چاوەڕێ‌ دەكرێت وەزارەت سێ نمرە لەسەر كۆی نمرەكانی قوتابیانی پۆلی 12ی بنەڕەتی وەكو هاوكارییەك بدات .

ئەگەر بڕیارەکە دەربچێت ئەوا وەزارەتی پەروەردە سێ نمرە لەسەر كۆنمرەی تێكڕای كۆتایی ساڵ دەبەخشێت کە دەكاتە 18 نمرە  واتە هەر وانەیەك سێ نمرەی بەر دەكەوێ‌ و بە كۆی گشتی لەسەر تێکڕای گشتی نمرەكان دەكاتە 3 نمرە .

سیوەیلی ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو بابەتە پێوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیكردنەوەكان هەیە لە وەزارەتی پەروەردە و تا ئێستە هیچ ڕێنماییەك و بڕیارێكی لەسەر دەرنەچووە, بەڵام هەر بڕیارێك بدرێت بە دڵنیاییەوە ڕەچاوی دۆخی خوێندنی ئەمساڵ دەكرێت و لە بەرژەوەندی قوتابیاندا دەبێت.

هەولێر/هێمن ڕەفیق


وشە - سلێمان تاشان