حکوومەت بۆردی كشتوكاڵ کارا دەکات

:: AM:10:46:20/01/2017 ‌

بۆ مەبەستی پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بۆردی كشتوكاڵ كارا بكات. 

دكتۆر ئەنوەر عومەر گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند دوای ئەوەی وەزیری كشتوكاڵ لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی ڕێگرییەكانی بەردەم پێشەكەوتنی كەرتی كشتوكاڵی کرد، بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار درا بۆردی كشتوكاڵ کارا بكرێت كە نوێنەرانی وەزارەتەكانی دارایی و داد و ئەنجوومەنی ئابووری و شارەوانی لەخۆ دەگرێت .

ئەو ڕوونیشی کردەوە جگە لەوە داوا كراوە پزیشكانی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ كە دەرچووی ساڵانی 2013 و 2014ەن بە فەرمی دابمەزرێن كە تاكو ئێستە بە گرێبەست دامەزراون لە وەزارەتەکە.

ئەنوەر عومەر زیاتر دەڵێت جگە لەوە داوایان كردووە پزیشكانی ڤێتەرنەری  دەرچووانی ساڵی 2015 و 2016 دابمەزرێن، چونکە  وەزارەت پێویستی پێیانە و تا ئێستە دانەمەزراون. لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، دەبێت پزیشكانی ڤێتەرنەری لە دوای دەرچوونیان لە زانكۆ، ڕاستەوخۆ دابمەزرێن.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە، وەكو پێشنیار و ڕاسپاردە ئەو داواكاریانە لە ڕێگەی وەزیری كشتوكاڵەوە بەرز كراوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران تا بڕیاری لەسەر بدرێت و چاوەڕوانی ڕەزامەندی ئەوانن.

هەولێر /هێمن ڕەفیق 


وشە - سلێمان تاشان