ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە واشنتنی پایتەخت سوێندی یاسایی دەخوات و بە فەرمی دەست بە چالاکییەکانی دەکات وەک سەرۆکی ئەمەریکا. شەوی رابردوو بۆ ئەو مەبەستە بە فڕۆکەیەکی تایبەتی ترەمپ و خێزانەکەی گەیشتنە واشنتن.
بە سەدان هەزار کەس چوونەتە کۆشکی سپی بۆ ئەوەی لەو رۆژە مێژووییەدا بەشداری لە رێورەسمی سوێندخواردنی ترەمپ بکەن و بەشێکیشیان بەمەبەستی نارەزایەتی دەربڕین دژی سیاسەتەکانی ترەمپ روویان لە پایتەخت کردووە.
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا پێدەچێت نزیکەی ٩٠٠ هەزار کەس بۆ بەشداریکردن لەو رێورەسمە بچنە واشنتن. پۆلیس دەیەوێت نەیاران و لایەنگرانی ترەمپ لە یەکتر جیا بکاتەوە بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک نەیەتە کایەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە رێورەسمی بیرخستنەوەی ئابراهام لینکۆڵن بەڵێنی دا ئەمەریکایەکی گەورە و بەهیز بۆ هەموو ئەمەریکییەکان بنیات بنێت.
ئەو بە شان و باڵی کابینە نوێیەکەی هەڵگوت و گوتی بەهێزترین کابینەیە و توانایان زۆرە بۆ ئەوەی ئەمەریکا بەرەو پێش ببەن.
ئەو ئەمڕۆ هەینی وەک چل و پێنجەمین سەرۆکی ئەمەریکا سوێند دەخوات و دەست بەکار دەبێت.