بۆ یەکەمجار، رۆبۆتێک بە ناوی "چیاو نا" هەڵستاوە بە بڵاوکردنەوەی وتارێکی خۆی لە رۆژنامەیەکی لۆکاڵیی چینی.
رۆبۆتە وتارنووسەکە، لە وتارەکەیدا باسی بابەتەکانی گەشتوگوزار و نزیکبوونەوەی جەژنی سەری ساڵی چینیی کردووە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە رۆبۆتەکە، بۆ نووسینی وتارەکەی پێویستی بە کاتێکی زۆر کەم هەبووە و توانیویەتی لە ماوەی تەنیا یەک چرکەدا 300 پیتی وتارەکەی بنووسێت.
ئەو داهێنەرانەی رۆبۆتەکەیان دروست کردووە ئاماژە بەوە دەدەن، کە ئەو رۆبۆتە لە توانایدا هەیە، رێژەیەکی زۆر زانیاریی وەربگرێت و دواتر بە شێوازێکی تازە دایانبڕێژێتەوە و کۆمەڵێک تێکەڵکردنەوەی تایبەت لە نێوان زانیارییەکاندا بکات و بەمەش وتارێکی رۆژنامەوانی تایبەت بنووسێت.
داهێنەران باسی ئەوەش دەکەن، کە رۆبۆتەکە دەتوانێت وتاری جیاجیا و بە گوێرەی ئەوەی لێی داوا دەکرێت بنووسێت، هەم لە رووی بواری نووسینەکەوە و هەمیش لە رووی درێژی و ژمارەی وشەکانی وتارەکەوە، هاوکاتیش لە هەوڵ دان بۆ زیاتر پەرەپێدانی تواناکانی.