وریایی لە بەشداری پەكەكە لە جەنگی مووسڵ دەدرێت

:: PM:04:20:04/10/2016 ‌
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی موتەحیدوون (سونە) وریایی لە بەشداری شەڕوانانی پەكەكە لە جەنگی مووسڵ دەدات لە ئەگەری دروستبوونی كوشتارگەیەك لە تەلەعفەر كە زۆرینەی توركمانە، ئەو دەڵێت كە زانیاری هەیە بەوەی حكوومەتی عێراق پاڵپشتی لە پەكەكە دەكات و پێویستە لە عێراق بكرێنە دەرەوە.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆی بە زۆرینە دەنگی لەسەر رەتكردنەوەی بڕیارێكی پەرلەمانی توركیا دا بە مانەوەی سوپای ئەو وڵاتە لە خاكی سووریا لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی تر و بانگهێشتنی باڵوێزی توركیایان كرد بۆ راگەیاندنی ئەو هەڵوێستە، پێشتریش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە توركیا بەشداری لە جەنگی مووسڵ ناكات.

عزەدین دەولە پەرلەمانتاری هاوپەیمانی موتەحیدوون بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی ئەمڕۆ سێشەم لە تەلاری پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە زانیاریان هەیە بەوەی حكوومەتی عێراق پاڵپشتی لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات و وریایی لە كرداری تۆڵەسەندنەوە لە توركمانەكانی تەلەعفەر لەلایەن ئەو حزبە دا لەكاتی بەشداریكردنیان لە جەنگی مووسڵ.

زیاتر گوتی، پێویستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی و پەرلەمان و حكوومەتی عێراق هێزە سیاسییەكان چاوەڕوانی كۆمەڵكوژی توركمانەكانی تەلەعفەر بكەن، بۆیە پێویستە ئەو رێكخراوە لە عێراق وەدەر بنرێت.

لای خۆیەوە بناڵی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا لە كۆبوونەوەیەكی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە توركیا رای گەیاند كە مووسڵ و تەلەعفەر لە عێراق، هەست بە جموجۆڵ كراوە و ئەوان نیگەرانن لەوەی مووسڵی دوای داعش ببێتە ناوەندی نوێی پێكدادانە مەزهەبییەكان.

زیاتر گوتی، حكوومەتی عێراق هاوشێوەی زۆر بابەتیتر لە مووسڵیش لەژێر كاریگەریی هێزە جۆراوجۆرەكان هەنگاو دەنێت، لە مووسڵ كە هۆزە عەرەبە سونەكان زۆرینەن، ئەگەر بێ و ئەم شارە رادەستی چەكدارە شیعەكان بكرێ و پەكەكە و پەیەدەش بێنێتە ناوچەكە، بە مانای هەڵگیرساندنی ئاگرێكی نوێ لە ناوچەكە دێت.

وشە/غەد پرێس، ئەنادۆڵ-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل