بەرپرسێكی باڵای بەغدا: بەمزوانە كێشەكان لەگەڵ هەولێر چارەسەر دەبن

:: PM:06:47:28/09/2019 ‌
گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان بەردەوامە و بەرپرسێكی باڵای بەغدا باس لە یەكلاكردنەوەی تەواوی كێشەكان دەكات و مژدەی چارەسەری كێشەكان لەگەڵ هەرێم ڕادەگەیەنێت.

دوای دەستبەكاربوونی مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی وەزیرانی كوردستان لە پێشینەی كارەكانی كردە چارەسەری كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەت ناوەند. ئێستە لە ڕێی لیژنەیەكی دانوستانەوە گفتوگۆكانی نێوان هەردولا بەردەوامن. 

ئەمڕۆ شەموو 28ی ئەیلوول، حەمید نەعیم غەزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، شاندی دانوستاندنكاری هەولێر و بەغدا لەبارەی كێشەكان لە گفتوگۆدان و بەمزوانە تەواوی كێشەكان چارەسەر دەبن.

ڕوونیشی كردەوە كە كەركووك و نەوت، ناوچە جێناكۆكەكان، دەروازە سنوورییەكان و چەند پرسێكی تر، خاڵی سەرەكیی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدان.

هاوكات بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو چەند شاندێكی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری تەواو كێشەكان كۆ ببنەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم