پۆلیسێك بە هۆی كچێكەوە لە كارەكەی دەركرا

:: PM:01:24:20/01/2017 ‌

پیاوێك لە رێگەی تەلەفۆنەوە داوای پیتزای كرد، لە كاتی دیاری كراودا كچە كارمەندی گەیاندنی پیتزاكە، لە دەرگەی ماڵەكەی دا و پیتزاكەی دا بە پیاوەكە و نرخی پیتزاكەی وەرگرت.. بەڵام ئەم رووداوە بووە هۆی دەركردنی ئەو پیاوە لە كارەكەی!

بە گوێرەی هەواڵێك كە رۆژنامەی كرۆسیس سەن نیوزی مەكسیكی بڵاوی كردووەتەوە، پیاوەكە پۆلیسە و ناوی ویلیام گۆنزالیسە، تەمەنی 28 ساڵە و دانیشتووی ویلایەتی مەكسیكۆ سیتییە، لەو كاتەی دەرگەی لە كچە كارمەندی پیتزاكە كردووەتەوە، بە تەواوی رووت بووە و هیچ جلێكی لەبەر نەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی دەركرانی لە كارەكەی، چونكە كچە كارمەندەكە بە تۆمەتی گێچەڵی سێكسی سكاڵای لەسەر تۆمار كردووە.

كچە كارمەندەكە، بە رۆژنامەی ناوبراوی راگەیاندووە، كە لە كاتی كردنەوەی دەرگەكە، لە پیاوەكەی پریسوە، بۆچی بە ڕووتی هاتووی دەرگە بكەیتەوە؟ پیاوەكە پێی گوتووە: كە ئەو لە گەرماو بووە و خەریكی خۆشووشتن بووە، كە لەناكاو گوێی لە دەنگی دەرگە بووە، شڵەژاوە و بیری چووە جل لەبەر بكات.

بەڵام كچەكە رای گەیاندووە، كە قسەكانی پیاوەكەی بەلاوە جێی باوەڕپێكردن نەبووە، چونكە پرچی وشك بووە و هیچ شوێنەوارێكی كەف و سابوون بە جەستەیەوە دیار نەبووە، هاوكات پیاوەكە دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ ژوورەوە بۆ هێنانی پارەی نرخی پیتزاكە، دووبارە هەر بە رووتی هاتووەتەوە، بۆیە هەڵستاوە بە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەو پیاوە.

سەرچاوە: سكای نیوز.


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی