لە بەشداریكردنی تەواوی حزب و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكانی تایبەت بە چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان خستیەڕوو، حزب و پێكهاتەكانی كوردستان پەیامەکە بەرز دەنرخێنن.
ئەحمەد مەجید، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی كۆمیتەی محەلی گەرمیانی حزبی شیوعی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، كوردستان پێویستی بەوە هەیە هەموو حزبەكان سیستەمێکی جوانی سیاسی بنیات بنێن و ئەوان پێشتر رەخنەیان لەوە گرتووە کە ناکرێت تەنیا پێنج حزب بەشداری چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان، ئەو پەیامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بەشداریكردنی تەواوی حزب و پێكهاتەكان لەكۆبوونەوەكانی تایبەت بەچارەسەری كێشەكانی هەرێم زۆر گرنگە و پێویستە كاری رژدی لەسەر بكرێت .
دوێنێ پێنجشەمە 19 / 1 / 2017 سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە كرد بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە تەواوی پارتە كوردستانییەكان و پێكهاتەكانی كوردستان بەشداربن لەكۆبوونەوەكان نەك بەتەنیا ئەو پێنج حزبەی كە لەدەسەڵات دان.
هەر ئەمڕۆ ئایدن مەعروف، سەرۆكی لیستی بەرەی توركمانی عێراقی لەپەرلەمانی كوردستان لە رێگەی میدیاكانەوە پشتگیری لیستەكەی بۆ ئەو پەیامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبڕی و رایگەیاند ئەوە هەنگاوێكی گرنگە تەواوی پێكهاتەو حزبەكانی كوردستان بەشدار بن لەدۆزینەوەی رێگا چارە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان نەك بەتەنیا پێنج حزبی كوردستانی بەشداری دەسەڵات.
گەرمیان / سەبری هۆرینی